کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە پەسەندکرانی یاسایەکی نوێ لەلایەن ڕێژیمەوە کەمایەتییە مەزهەبییەکانی ئێران زیاتر سەرکوت دەکرێن

11:42 - 2 رەشەمه 2720

ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئارتیکڵ ١٩، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمە، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەنیسبەت پەیوەستبوونی دوو مادەی نوێ بە یاسای سزای ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران کە ''مەترسیی جیددی  بۆ مافی ئازادیی بەیان و ئازادیی ئایین و باوەڕ'' دروست دەکات، هۆشداریی دا.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "لەوەی کە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای هۆشدارییەکان بە پەسەندکردنی ئەو دوو مادەیە ڕێسا نێونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە، نیگەرانە''.

ئەو ڕێکخراوە داوای کردووە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە زووترین کات ئەو یاسایە هەڵوەشێنێتەوە و هەنگاو بنێت بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەکی یاسایی کە لەگەڵ بەڵێنییە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ هاوئاهەنگ بێت.

دوو مادەی یاسایی پێوەندیدار بە ''سووکایەتی بە ئایینەکان و مەزهەبە ئیسلامییەکان و نەتەوەکانی ئێران لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩ لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پەسەند کرا و لە مانگی ڕێبەندان لەلایەن شورای نیگابانەوە پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندان لەلایەن ''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندرا.

''سلوا غەزوانی'' بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕێکخراوی ئارتیکڵ  ١٩ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقای باکوور وتوویەتی، بەڕێوەبردنی ئەو یاسایە دەستی هێزە ئینتزامییەکان و دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵک زیاتر لە پێشوو  ئاوڵا دەکاتەوە.

ناوبراو پەسەندکردنی ئەو دوو مادەیەی سەرەڕای هۆشدارییەکان، بە نیشانەی ئەوە دەزانێت کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەسەر کپکردنی هەردەنگێکی دژی بیرۆکەی خۆیان پێداگرن.

لە بەیاننامەی ئارتیکڵ ١٩ هاتووە، چاوەڕوان دەکرێت کەسانی سەر بە کەمایەتییە مەزهەبییەکانی وەکوو بەهائییەکان، یارسان، دەروێشەکان، مەسیحییەکان، و مەزهەبەکانی دیکە کە لە دەیەکانی ڕابردوو بە شێوەی سیستماتیک لەژێر هەڕەشەدا بوونە بە پەسەندکردنی ئەو یاسا نوێیە ئەوان زیاتر سەرکوت و ئازار بدرێن.