ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕەشنووسێکی یاسایی ئامادە کردووە کە لە ئەگەری پەسندکرانیدا دەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە زۆر بارەوە کراوەتر دەکات. بەپێی ئەو ڕەشنووسە چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکان دەخرێتە ژێر چاوەدێریی ناوەندە ئەمنییتییەکان و ڕەنگە بە گشتی چالاکیی ئەو ڕێکخراوانە قەدەغە بکرێت.
لە پێشەکیی ئەو ڕەشنووسەدا هاتووە کە ناوەندە ئەمنییەتی، ئیتلاعاتی و دادوەرییەکان دەسەڵاتی زیاتریان بۆ چاوەدێری بەسەر چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکاندا دەبێت.
لە بەرامبەردا چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومەتییەکان لەبابەت ئەو ڕەشنووسە کاردانەوەیان نیشان داوە و هۆشدارییان داوە کە لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە، ئیتر شتێک بە مانای ڕێکخراوی ناحوکمی بوونی نامێنێت و لەوە بە دوا کارەکانیان دەبێ بەو پێیە بچنە پێش کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆیانی دایدەڕێژن.
لە کوردستان بە هەوڵی چالاکانی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی، هونەری و زانستی، کۆمەڵێک ڕێکخراوی ناحوکمی دامەزراون کە ڕۆڵی کاریگەریان لە گەیاندنی ئاگایی و وشیاریی خەڵکی کورددا هەبووە کە لە ئەگەری پەسندکردنی ئەو گەڵاڵەیە، کاری ئەو ڕێکخراوانە کێشە و گرفتی بۆ دروست دەبێت.