کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە ڕەزامەندیی ئامریکا پارە بلۆکه‌کراوەکانی ئێران لە عێراق ئازاد دەکرێت

11:53 - 18 رەشەمه 2720

"حەمید حوسینی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق وتوویەتی: "بە ڕەزامەندیی ئامریکا پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە عێراق لە بانکی تجارەت لەو وڵاتە ئازاد کراوە".

لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ شیرکەتی میللیی گازی ئێران ڕایگەیاندبوو، وڵاتی عێراق بڕی ٥ میلیارد دۆلار پارە بەو شیرکەتە قەرزدارە و لەلایەن ئەو وڵاتەوە بلۆکه کراوە.

بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ئێران، عێراق پارەی کڕینی گاز لە ئێرانی لە بانکی "تجارەتـ"ـدا پاشەکەوت دەکرد و ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە ناچار بوو لە بەرانبەر ئەو پارەیە کاڵا بکڕێت.

ساڵی ڕابردوو باس لەوە کرا کە عێراق لە بەرانبەر نەوتدا خۆراک بە ئێران دەدات؛ دواتر ئەو هەواڵە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە بە فەرمی پشتڕاست کرایەوە و تاران بە جیگای قەرزی گاز و بەرق، خۆراکی لە بەغداوە هاوردە کرد.

هاوردەکردنی خۆراک لە بەرانبەر پارەی گاز، بەرق و نەوتدا دەبێتە هۆی دابەزینی داهاتی دەوڵەت و هەڵوەشانەوەی ئابووریی وڵات.