کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە کرێگرتنی تەبلێت و مۆبایل بۆ خوێندن بووە بە دیاردەیەکی نوێ

11:46 - 26 خەزەڵوەر 2720

لە ئێران خەڵکێک کە توانای کڕێنی مۆبایل و تەبلێتیان نییە بۆ خوێندنی منداڵەکانیان، ئەو کەرەستانە بە شێوەی کاتی بە کرێ دەگرن.

زیاتر لە ٩ مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان تێپەڕ دەبێت و لە ئێستادا کە وڵاتان بەدوای دروستکردنی واکسەن بۆ ئەو ڤایرۆسەن، ڕێژیمی ئێران هێشتا نەیتوانیوە کێشەکانی بەردەم خوێندنی ئانلاین چارەسەر بکات.

پاش تێپەڕینی ٢ مانگ لە دەستپێکی خوێندن هێشتا نەبوون و کەمبوونی کەرەستە زیرەکەکانی وەکوو تەبلێت و مۆبایل و تەنانەت لە هەندێک ناوچەشدا نەبوونی ئینتێرنێت، کێشەی سەرەکیی قوتابییان و بنەماڵەکانیانە.

ئەو دۆخە وای کردووە کە بنەماڵەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە خوێندن بەجێ نەمێنن تەبلێت و مۆبایل بە کرێ وەردەگرن و بۆ هەر کاتژمێرێک ١٥ هەزار تمەن پارە دەدەن.

ئەم دیاردەیە بەهۆی ئەوەی کە یەکەم هەڵدەگەڕێتەوە بۆ بێکیفایەتیی ڕێژیم بەنیسبەت دابینکردنی خوێندنێکی ئاسوودە و بێ کێشە بۆ قوتابییان و دووەم کەڵکاژۆی کەسانی هەلپەرست لە هەر دەرفەتێک بۆ پڕکردنی گیرفانەکانی خۆیان و لەلایەکی دیکەشەوە هەژاریی کۆمەڵگا کە کاسبی بە قەیرانەکانەوە دەکەن، وەک کارەساتی کۆمەڵایەتی چاوی لێ دەکرێت.