کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە کرێگیراوانی ڕێژیم ڕێوڕەسمی نەورۆز دەشێوێنن

12:31 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگەی بەکرێگیراوانییەوە، بەردەوام لە هەوڵی شێواندنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی بەزیوی ئێران، لە بەردەم ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا، بۆ شێواندنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و تێکدانی بۆنەکان لە ڕێگای بەکرێگیراوانییەوە لە هەندێک لە ناوچە و گوندەکان ڕۆڵی تێکدەرانە دەگێڕێت.

شەپۆلی بەهێزی ئیرادەی خەڵکی کوردستان، لە بەڕێوەبردنی نەورۆزی سەمای ئازادی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بەچۆکدا هێنا و ڕێژیم لە دواپەلەقاژەکانی خۆیدا لە ڕێگای بەکرێگیراوانییەوە لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی ڕاگرتن و شێواندن و بەلاڕێبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی داوە، بەڵام خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی کوردستان چۆکیان بە خۆفرۆشان داهێنا و سەمای ئازادییان لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان گێڕا و ڕووڕەشی بۆ ڕێژیم و بەکرێگیراوانی مایەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە چاوساغیی جاش و بەکرێگیراوەکانی خۆیان دیسانەوە هێرشیان کردەوە سەر گوندی حەسە‌ن‌نووران و جاش و بەکریگیراوانی ڕێژیم موبایل و کەلوپەلی کەسیی خەڵکەکەیان پشکنین و زەوت کردووە.