کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە سووریە ئیسراییل هەوڵەکانی دژ بە سپای پاسداران چڕتر دەکاتەوە

18:50 - 1 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ئیسراییل بە فەرمی ڕایگەیاند کە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە سووریە، هەوڵەکانی خۆمان بۆ دەرکردنی سپای پاسداران لەو وڵاتە چڕتر دەکەینەوە.

ڕۆژی هەینی ۳۰ی سەرماوەز، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتی ئیسراییل، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یونان و سەرکۆماری قێبرێس، ڕایگەیاند؛ ئیسراییل شەڕ و بەرهەڵستە ماندوونەناسانەکانی خۆی بۆ پێشگرتن لە جێگربوون و مانەوەی ئەبەدیی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە درێژە پێ دەدات.

نێتانیاهوو، لە لاپەڕەی توویتێری خۆیدا جارێکیتر جەختی لەسەر بەردەوامبوونی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەهەمبەر ڕووبەڕووبوونەوەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە کردووەتەوە و لە توویتێکدا نووسیویەتی؛ ئیسراییل بێوچان و بێ هیچ پشوودانێک، هەوڵەکانی خۆی بۆ پێشگرتن له جێگربوون و  مانەوەیی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریە درێژە پێ دەدات.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل لەمبارەوە ڕایگەیاند؛ ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی سەرماوەز، بێنیامین نێتانیاهوو و دۆناڵد ترامپ لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا جەختیان لە هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئیسراییل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووەتەوە و لە کۆتاییشدا بە مەبەستی بەرهەڵستی مانەوە و جێگربوونی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و زێدەڕۆییەکانی ڕێژیم لەو ناوچەیە، لە نێوان هەر دوو لایەن ڕاوێژ و ئاڵۆگۆڕی بیرۆڕا کراوە.

هێزەکانی ئیسراییل لە دوو ساڵی ڕابردوودا پتر لە دووسەد ئۆپراسیۆنی ئاسمانییان بۆ سەر بنکە و شوێنە گشتییەکانی هێزەکانی لقی قۆدسی سوپای تێرۆریستی پاسداران و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەڕێوە بردووە، بەڵام هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران لە هەڕەشەی دووربەدوور زیاتر هیچ دژەکردەوەیەکی لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی ئیسراییلدا نەبووە.