کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو

13:20 - 7 خاکەلێوه 2721

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەرێوە برد و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردووەتەوە.

ئەندامانی تێکۆشەری دێموکرات لە گوندی ''ڕەحیم خان'' سەر بە شاری بۆکان، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانیان کردووە و تراکت و نوسراوەی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.

تێکۆشەرانی دێموکرات لەو چالاکییەدا لەگەڵ شەهیدانی سوور خەڵاتی کوردستان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردووەتەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر چەشنە ئەرکێک دەبڕیوە.

هاوکات لە  شاری پیرانشار لە گەرەکی ''شیناوێ'' ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی ١٠ خاکە لێوەیان بەرز ڕاگرت.

هەروەها لە شنۆ ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بە نووسینی دروشم لە گەڕەکەکانی قوتابخانەی "سەعید ئەمینی، گاوداران و ئەمیر ئاباد'' چالاکیی بەرینی تەبلغییان بەڕێوە بردووە.

''شەهیدان تاجی خوێناوی ژیانن،  شەهیدان دوندی چیای باوەڕن، ڕێگای شەهیدان ڕێبازی سەرکەوتنە، شەهیدان چرای ڕێگای خەباتن، سڵاو لە سەرکۆماری شەهید پێشەوا قازی محەممەد'' بەشێک لەو دروشمانەن کە تیکۆشەرانی دێموکرات لە شنۆ لەسەر دیوارەکان نووسیویانە.

هەر بەو بۆنەوە لە گوندی ''سەرڕێز'' سەربە مەریوان ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بە کێشانەوەی ئاڵای کوردستان و نووسینی دروشم یادی ١٠ی خاکەلێوەیان بەرز نرخاند.

هەروەها لە کرماشان بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بە نووسینی دروشمی ''شەهیدان چرای ڕێگای خەباتن'' یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت و چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام داوە.