کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی "محەممەد ئەوراز" لە شنۆ چالاکییەکی وەرزشی بەڕێوە چوو

19:13 - 15 خەرمانان 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان ئەندامانی یانەی چیای شاری "شنۆ" بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی قارەمانی نەمر "محەممەد ئەوراز" چالاکییەکیان بەڕێوە برد.

ئەندامانی یانەی چیای "شنۆ" بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شاخەوانی نەتەویی گەڵەکەمان کۆچکردوو "محەممەد ئەوراز" بە دووچەرخە ڕێگای شنۆ بۆ گڵکۆی نەمر "ئەوراز"یان بە مەودای ٧٣ کیلۆمیتر پێواوە.

"محەممەد ئەوراز" لەدایکبووی شاری "نەغەدە" سەر بە پارێزگای "ورمێـ"ـە و لە تەمەنی مێرمنداڵیدا دەستی بە وەرزشی شاخەوانی کردووە. پاشان بووەتە ئەندامی دەستەی شاخەوانیی ئێران و لە ماوەی ژیانی شاخەوانیی خۆیدا توانیوتی بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە چیا بەرزەکانی ئێران و جیهاندا وەک "ئیڤێرێست" سەر کەوێت.

"ئەوراز" لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاویدا کاتێک لەگەڵ شاخەوانی کۆچکردووی کورد "موقبیل هونەرپەژوو" دەیانهەویست کێوی "گاشێربروومـ"ـی وڵاتی "پاکستان" ببەزێنن کەوتە بن ڕنووی بەفر و دوای چەندین ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی "پاکستان" گیانی لەدەست دا.

ناوبراو ڕایگەیاندبوو: ''قەندیل پەروەردەی کردم هەتا ئێڤرێست ببەزێنم".