کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی نەورۆزەوە لە مەهاباد چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو

13:29 - 3 خاکەلێوه 2720

 لاوانی شۆڕشگێڕی مەهاباد وێڕای بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی نەورۆزی ٢٧٢٠ی کوردییەوە، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

ئەو شوێنانەی چالاکییان تێدا کراوە بریتین لە: "دەڤەری لاچین، گوندی ئوزندەرێ، ڕێگای گوندەکانی بەیرەم، بەرەجۆ و گردەبەردان و چەندین گوندی دیکە".

هەروەها لاوانی دێموکرات لە مەهاباد لە بەیاننامەیەکدا لەژێر ناوی ''بۆ پاراستنی نیشتمانێکی سەربەخۆ'' داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە وێڕای پاراستنی گیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان و ڕەچاوکردنی خاڵە تەندروستییەکان، دەرفەت نەدەن بارستایی جێژنی نەورۆز لە لاوازی بدات.

هەروەها لە شوێنێکی تری ئەو بەیاننامەیەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، "بە دڵ و مێشکێکی لێوانلێو لە بەرخۆدان و زانیاری، ئەرک بۆ سەرخستنی ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد لەم قۆناغەدا دەکەین و هەڵمەتی پاراستنی نیشتمان لە هەموو قۆناغێک ڕادەگەیەنین".

هەر لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''ئێمەیش وەک کچان و کوڕانی ئێوە لە ئێستاوە و لە داهاتوودا بانگتان دەکەین بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆتان و خاوێنیی ژینگەی کوردستان و سڕینەوەی ناپاکان لەم وڵاتە پاکژە، هەر بۆیە بە دڵێکی تەژی لە ئەوینەوە ساڵی تازەتان پیرۆزبایی پێ دەڵێین، بەدڵنیاییەوە ئازادی لەسەر دەستی گەلی کورد لەدایک دەبێت''.

لە کۆتاییدا جێژنی نەورۆزی کوردەوارییان لە کومەڵانی خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی کرد و لەگەڵ ڕێبازی  دێموکرات پەیمانیان نوێ کردەوە.