خەڵکی تێکۆشەری پیرانشار بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کوردی سەرەڕای ئەوەیکە ڕێوڕەسمێکی بە شکۆیان بەڕێوە برد، پەیامێکی پیرۆزباییشیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بە ناوی خودای دلۆڤان
مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری
وێڕای سڵاو و ڕێز بۆ گشت هاونیشتمانییان و کوردستانییانی بەڕێز!
جێژنی نەورۆزی کوردەواری و ساڵی ٢٧٢١ی کوردیتان لێ پیرۆز بێت.
هیوادارین خۆشترین ساڵی پێکەوە ژیان و ساڵێکی پڕ پیت و بەرەکەت و ساڵێک لێوانلێو لە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ گەلانی جیهان بە تایبەت گەلی چەوساوەی کورد بێتە دی.
هیوادارین ئەستێرەی پڕشەنگداری سەربەستیی کورد لەم ساڵەدا لە دەم ئاسۆی نیشتماندا هەڵ بێت.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٠ی کوردی کوردی کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی پاش نیوەڕۆ لە گردی نەورۆزی شاری پیرانشار ئاهەنگی پێشوازی لە ساڵی نوێی کوردەواری بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوە چوو.
ئەم ئاهەنگە بە بەشداریی هەموو خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری شاری پیرانشار و ناوچەکە بەتایبەت چالاکوانانی مەدەنی، کاسبکاران، شاخەوانان، لاوان، کیژانی ئازا و لێهاتوو کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو، زۆر بە خۆشی بەڕێوە چوو.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، تێکۆشەرانی خاکیپۆشی جامانە لە ملی ڕاسانخواز پاش هەڵپەڕکێ و ئاهەنگگێڕان بە یەکگرتوویی ئاگری نەورۆزیان داگیرساند و لاوانی لە دەورەی ئاگرەکە بۆ ئازادی و یەکبوون هەڵپەڕکێیان کرد و پاش سێ کاتژمێر ئاهەنگەکە تەواو بوو و جەماوەرەکە بەرەو شار کەوتنە ڕێگا و شوێنەکەیان بەجێ هێشت.
لەنێو شار دووبارە بەبێ گوێدان بە بەربەستی لایەنە ئەمنییەکان بە کەرنەواڵی ماشین لێخوڕین چۆکیان بە دوژمن داهێنا و لەسەر شەقامەکان بە دروشم دان بۆ ئازادی ئەم بۆنە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.
لەلایەن خەڵک و کیژ و لاوانی قارەمانی پیرانشار