کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب، چالاکیی تەبلیغی لە کوردستان بەڕێوە چوو

12:16 - 16 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، ڕێزیان لە ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات گرت و بەپیریی ڕۆژی پێشمەرگەوە چوون.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی سەرماوەز، وەفادارانی دێموکرات لە گوندی "ئیبرایم ئاوا"، سەر بە شاری بۆکان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێر و سی.دیی تایبەت بە ١٦ و ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەرز ڕاگرت و بەپیریی ڕۆژی پێشمەرگەوە چوون.

لەو چالاکییەدا قارەمانانی دێموکرات، بە بڵاوکردنەوەی سروود لە مزگەوتی گوندەکە ترسیان خستە دڵی جاش و خۆفرۆشانی ئەو گوندەوە.

هەروەها بە بڵاوکردنەوەی سی.دی و پووستیر لەگەڵ گوڵی سوور لە نێوماڵەکانی ئەو گوندەدا بوون بە مایەی خۆشحاڵیی خەڵک.

هەروەها شەوی ١٥ لە سەر ١٦ی سەرماوەز، جامانە لەملانی دێموکرات لە پیرانشار، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بە ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمەگناسیی خۆیان بەرانبەر بە کەمئەندامانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازایی گەلی کورد دەربڕی.

ئەو شوێنانەی چالاکیی لێ کرابوون بریتین لە: "پەسوێ خیابانی موعەلیم، قوتابخانەی تەوحید، هۆڵی وەرزشی، جاددەکانی کانی مەلا و کانی بداغ، جاددەی خورینج و کێلەسیپان".

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی پێنجشەممە، ١٥ لە سەر ١٦ی سەرماوەز، چاونەترسانی دێموکرات لە شاری شنۆ، ڕێزیان لە ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات گرت و بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بەو ڕۆژە، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی گیانفیدایانی ئازادی سەلماند.

ئەو شوێنانەی چالاکییان لێ کرابوون بریتی بوون لە: "گەڕەکەکانی سەلیم ئاوا، ڕەحیم ئاوا، شاکرئاوا، گەڕەکی گاوداران و گەڕەکی مام تەمر".