کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە بۆکان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو

11:14 - 17 سەرماوەز 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری هاتنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد، هەروەها ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتیان بەرز نرخاند.

ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆکان بەبۆنەی ڕێزگرتن لە ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات و هەروەها ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە مەیدانی "حەسەن زیرەک" ئاڵای کوردستانیان هەڵ کرد.

هەروەها لەو چالاکییەدا بە بەشداریی دەیان کەس لە لاوان و تێکۆشەرانی بۆکان، بۆ ماوەی ٢٠ خولەک وتەکانی مامۆستا "حەسەن شیوەسەڵی" بە بڵیندگۆ بڵاو کرایەوە.

هەروەها لە چالاکییەکی دیکەدا لە بۆکان، ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بە نووسینی دروشم لەسەر دیوار، پشتیوانییان لە حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەی کوردستان کرد.

ئەو شوێنانەی چالاکییەکەی لێ بەڕێوە چووبوو بریتین لە: "سێڕێیانی شەهامەت، قوتابخانەی کچان، دەروازەی قەبران، نەخۆشخانەی سپای پاسداران، دیواری زیندانی کۆنی نێوشار، قوتابخانەی ئیستقلال، پردی گەورەی فەلەکەی سەیفالی و قوتابخانەی میراوای کۆن".