کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر

10:38 - 5 سەرماوەز 2720

ئاسکە حەسەن زادە

ساڵانە و لە وەها سەروبەندێکدا، لەسەر شەقام و  لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانەوە، باس لە مەسەلەیەکی گرینگ دەکرێت کە پەیوەندیی هەیە بە دۆخی بێ مافیی ژنان و ئەو توندوتیژییانەی کە لەلایەن کۆمەڵگا و یاسا و نیوەکەی تری کۆمەڵگا واتە پیاوان بەرامبەر بە ژنان دەکرێت.

ساڵانێکە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان وەک پرس و کێشەیەکی جیهانی باس کردووە. هەر وەک هەموومان دەزانین لە ساڵی ١٩٩١ی زایینییەوە، ئەم ڕێکخراوه‌ جیهانییە، ٢٥ی نوامبری بە دروشمی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان بە ڕۆژێکی نێودەوڵەتی ناساندووە.

بابەتی توندوتیژی بەڵام مێژوویەکی دوورودرێژتری هەیە و دەکرێت مێژووەکەی بگەڕێنینەوە بۆ دەستپێکی ژیانی بە کۆمەڵ. ڕاستە شێوەکانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بە گوێرەی هەلومەجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زۆر هۆکاری دیکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەوەی نەگۆڕاوە خودی توندوتیژییە کە بەردەوامە و هەموو کات و ساتێک دووبارە دەبێتەوە، تا ئەو جێگایە کە بەداخەوە بووەتە  ئەمری واقع.

هەر وەک ئاماژەم پێکرد، لە ڕوانگەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، پرسی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان مەسەلەیەکی گشتگیرە، بەو جیاوازییەوە کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە ڕاده‌كه‌ی جیاوازه‌ و کەم و زۆر بوونی هەیە. لە نێو خودی وڵاتان و کۆمەڵگاکاندا، ڕەنگە ڕادەی ئەم توندوتیژییە جیاوازیی هەبێت. ئەم جیاوازییەش ڕەنگە کۆمەڵێک هۆکاری هەبێت. سروشتییه‌ ئەگەر یاسایەک بوونی هەبێت کە زەمانەتی مافەکانی ژنان بکات، ئەگەر وشیاری  و ئاستی ئاگایی کۆمەڵگا بەرز بێت، ئەگەر کۆمەڵگا پێشکەوتوو بێت، ئەگەر ژنان ئاگاداری مافەکانی خۆیان بن، ئەگەر داب و نەریت بە جۆرێک بێت کە مافەکانی ژنان بە فەرمی بناسێت، ئەگەر حکوومەت دێموکراتیک بێت، ئەگەر بەدواداچوون بۆ مافی تاکەکان بکرێت، لە وەها حاڵەتێکدا ڕەنگە توندوتیژییەکان بە ڕادەیەکی زۆر کەم ببنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەگەر هەر کام لەم هۆکارانە بوونیان نەبێت یان لاواز بێت، بە هەمان نیسبەت، ڕادەی توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان هەڵدەکشێت.

بەڵام توندوتیژی چییە؟

بە گوێرەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ژنان  وەک تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا خاوەنی کۆمەڵێک مافن، مافی ئازادیی ژیان، مافی یەکسانی  و کۆمەڵێک مافی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی. لە ئەگەری زەوتکردنی هەر کام لەم مافانە و بە بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانیان، دەوترێت کە توندوتیژییان بەرانبەر کراوە. خودی توندوتیژیش لایەنی بەربڵاوی هەیە، کە مخابن بۆ زۆربەی وڵاتان و کۆمەڵگاکان شتێکی تازە و نەناسراو نییە.

دۆخی ژنان ئێستاش لەم سەردەمەدا کە بە وشە و سفەتی شارستانییەت دەڕازێتەوە، دۆخێکە کە ژنان لەلایەن خێزان و ئەندامانی بنەماڵەوە بگرە تا دەگاتە یاسا و دەسەڵات و کۆمەڵگای دواکەوتوو و پیاوسالار سەرکوت دەکرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت. بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد کە لەلایەن دەسەڵاتێکی  دڕندە و دواکەوتووی وەک کۆماری ئیسلامی چ وەک تاکێکی ژن، چ وەک نەتەوەی کورد مافەکانمان زەوت کراوە. ئەم دەسەڵاتە دژە ژن و دژە مرۆڤە دیارە تەنیا هۆکارێکە و ڕەنگە سەرەکیترینیان بێت، بەڵام نابێ لە هۆکارەکانی دیکەی توندوتیژی غافڵ بین، لەوانە بنەماڵە، کۆمەڵگا، داب و نەریت و تەنانەت نەبوونی ئاگایی و زانیاری بەنیسبەت مافەکانەوە لەلایەن خودی ژنانەوە.

ئێمە کە باسی ئێران و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دەکەین، دەبێ بەو قەناعەتە گەیشتبێتین کە مەرجی سەرەکی بۆ ئەوەی توندوتیژیمان بەرانبەر نەکرێت و کەرامەت و مافەکانمان پێشێل نەکرێت، هەوڵدانە بۆ دەربازبوون لەژێر زوڵم و زۆرداری و گەیشتن بە ئازادی و دەسەڵاتی یاسا و سەقامگیربوونی دێموکراسی. لە پێوەندی لەگەڵ ئێران، تا ئەو کاتەی کە حکوومەتێکی دێموکراتیک جێگای کۆماری نادێموکراتیکی ئیسلامی نەگرێتەوە، تا ئەو کاتەی ئەم ڕێژیمە لەسەر دەسەڵات بێت، ئەستەمە کە دەرگا بە ڕووی  بەختەوەریی تاک و کۆمەڵگای ئێمەدا بکرێتەوە. تەنیا بەهۆی دامەزرانی دەسەڵاتێکی گەلی و دێموکراتیک و کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازادە کە ئێمە دەتوانین بە مافەکانمان بگەین، ئەو مافانەی کە ئەگەر پیشێل نەکرێن، دەکرێت بڵێین ڕێگای بێ مافی و توندوتیژی بەربەست کراوە.

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نەتەنیا ئەرکە، بەڵکوو مافێکی تاکەکەسیی ئێـمەیە، بەڵام تا ئەم بەرەنگاربوونەوەیە نەبێته‌ پرۆسەیەکی گشتی، ئەستەمە باس لە سڕینەوە یان کەمبوونەوەی توندوتیژی بکەین. هەر بۆیەش چ لە ئێستا و چ لە  ئایندەدا دەبێ ڕیزەکانمان یەک بخەین و بە کار و تێکۆشان لە پێناو ئازادی، دەنگی مافخوازیی خۆمان بەرز بکەینەوە و بە ئاگایی و وشیارییەوە بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە. گومان لەوەدا نییە کە ڕەمزی سەرکەوتن و گەیشتن بە مافەکان، بەردەوام بوونە لە خەباتی ژنانی ئازادیخواز و تێکەڵبوونیان بە بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتە کە دروشمی مافی ژنان، دروشمێکی درەوشاوەیەتی و ساڵانێكە بەرەنگاری ئەو دەسەڵاتانە بووەتەوە کە کەرامەت و مافی مرۆڤی کورد پێشێل دەکەن بە تاک و بە کۆ. بە هیوای بەردەوام بوون و به‌ئاكام گه‌یشتنی ئەم بەرەنگاربوونەوەیە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.