کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ سێمینارێک لە جێژنیکان بەڕێوە چوو

13:18 - 22 پووشپەڕ 2721

بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو و هاوڕێیانی" لە "ڤییەن" بەدەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە جێژنیکان سێمینارێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵە و میوانان، لە "جێژنیکان" سێمینارێک بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن پێشکەشکارەوە باس لە ناورۆکی سێمینارەکە کرا کە ئەو سێمینارە لە دوو بەشدا بەڕێوە دەچێت.

سەرەتا "حوسێن نازدار" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سێمینارەدا قسەی کرد.

"نازدار" باسی لەوە کرد کە ئەم ڕووداوەی "ڤییەن" ڕووداێکی تاڵ بۆ نەتەوەی کوردە کە هیچ کات لە بیر و هزری ئێمەی تاکی کورددا ناسڕدرێتەوە. ناوبراو باسی لەوە کرد، دوکتور "قاسملوو" دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان ئەرکێکی زۆری لەسەر شان بوو چونکە ئەو دیسانەوە دەستی بە سازماندەییکردنی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات کرد کە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان پەرتەوازە ببوون.

"حوسێن نازدار" لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە د. قاسملوو هەم فێرکار بوو و هەم فێرخواز؛ ژینگەی کوردستانی بە باشی دەناسی؛ باوڕەمەند بە نەزم و دیسیپلین بوو و هەمیشە باسی لەوە دەکرد کە کوردستان مڵکی هیچ هێزێکی تایبەت نییە و دەبێ پێکەوە کار بکەین.

لە بەشی دووەمی سێمینارەکەدا "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێکی پێشکەش کرد.

"پەرویزی" لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە دوکتور "قاسملوو" بۆ نەتەوەکەی وەک ڕۆحی نەتەوەیی وایە کە هەمیشە زیندووە، حەماسەیەکە بۆ هەموو نەسڵەکانی دوای خۆی. ناوبراو باسی لەوە کرد کە دوکتور "قاسملوو" لە وڵاتێکی دەوڵەمەند لە فکر و ئەندێشەدا شەهید کرا کە ئەو وڵاتە خۆی دێموکراتیک بووە.

ناوبراو لەبارەی فکری دوکتور "قاسملوو" باسی لەوە کرد کە ئەو هەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ بابەت و کێشەکان هەبوو. بوێریی سیاسیی هەبوو، دژی خەباتی نەتەوەکانی دیکە هیچ بڕیارێکی نەدەدا. لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە "سەدام حوسێنـ"ـی مەحکووم کرد. دوکتور قاسملوو کەسایەتییەکی فەرهەنگناس بوو.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ڕێبازی "قاسملوو" ئەمڕۆ لەلایەن لاوان و خەڵکی شۆڕشگێڕەوە درێژەی پێ دەدرێت.