سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیم لە گوندی "ئاوخواردە"ی سەر بە ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار دەستیان بەسەر ٣٠٠ تا ٤٠٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییاندا گرتووە.
هەروەها لە کردەوەیەکی هاوشێوەدا چەند ڕۆژ لەوە پێش لە گوندی "ترکەشـ"ـی سەر بە شاری پیرانشار هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیم دەستیان بەسەر نزیک بە ١٥٠ سەر مەڕی هاووڵاتییاندا گرتبوو.
ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵیش هێزە بەناو ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە گوندی "شاوانێـ"ـی سەر بە شاری شنۆ دەستیان بەسەر ٢٠ سەر مەڕی مەڕدارێک، ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕ لە گوندی "چۆڕ"ی مەریوان دەستیان بەسەر ١٥٠ سەر مەڕ و پێشتریش لە گوندی "بلەکێـ"ـی بانە دەستیان بەسەر ١٨٠ سەر مەڕی هاووڵاتییاندا گرتبوو.