کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی دارستانەکانی زاگرۆس لە لایەن مافیاکانی ڕێژیمەوە

17:28 - 7 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: باندە چەتە و مافیاییەکانی ڕێژیمی ئێران درێژە بە تاڵانکردنی دارستانەکانی زاگرۆس دەدەن.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و لە درێژە پیلانە نوێیەکانی ڕێژیمی سەرکوتگەری ئێران بۆ سەر کوردستان، کە کاولکاری و لەنێوبردنی ژینگە و سروشت و دارستانەکانی کوردستانە، ڕێکخراو و دامودەزگاکانی ڕێژیم بە شێوەی ئاشکرا و باندە چەتە و مافیاییەکانی ئەو ڕێژیمەش بە شێوەی نهێنی و پلاندڕێژراویی ئامانجدار خەریکی وێرانکردن ژینگەی کوردستان و بەتاڵانبردنی دارستانەکانی زاگرۆسن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند شەوی ڕابردوودا، باندە مافیاییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە درێژە کاولکارییەکانی ژینگە و سروشتی کوردستان و بەتاڵانبردنی دارستانەکانی زاگرۆس، لە چەند شوێنێکی ناوچەی هەورامان داری دارستانەکانی هەورامانیان بڕیوە و کاتژمێر ۱۰ی شەوی هەینی ۶ی خاکەلێوە، بە ماشینە بارهەڵگرەکان بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە.

 لەم پەیوەندییەدا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ناوچەکانی دەوربەری شاری کامیاران مانۆڕێکی سەربازییان بەڕێوە برد، کە بووە هۆی زیانپێگەیشتنی ژینگە و سروشتی ئەو ناوچانەی کە مانۆڕەکەی تێدا بەڕێوە چووە.

وێڕای ئەوەی کە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە ڕێژیمی دیکتاتۆری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی سیاسەتە نەگریسەکانی خۆی هەوڵی کاولکاری و لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس دەدات، ناوەندە هەواڵدەرییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" و بەشی ناوەندی هەواڵی "تیشک تیڤی"، بەردەوام لەسەر ئەو پیلانانەی ڕێژیم و بەتاڵانبردنی دارستانەکانی زاگرۆس و کاولکارییەکانی ئەو ڕێژیمە لەسەر ژینگەی کوردستان، هەواڵ و ڕاپۆرتیان بە چەند زمان بۆ ڕای کوردستان، ئێران و جیهان و بەتایبەت ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان بڵاو کردووەتەوە و هەموو لایەکیان لەو پیلانانەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەلاکانی تاران لە کوردستان، ئاگادار کردووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، کوردە بەشداربووە ڕۆژهەڵاتییەکانی لە دانیشتنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم ڕێکخراوە جیهانییەکان، بەتایبەت دانیشتنی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی ژینگە لە سەرتاسەری جیهاندا، سیاسەتە نوێیەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لەسەر ژینگە و سروشتی کوردستان و بەتاڵانبردنی دارستانەکانی زاگرۆسیان بەو ناوەند و ڕێکخراوانە ڕاگەیاندووە، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستا هیچ ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی و بەتایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاستی کاولکارییە ئامانجدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان هیچ هەنگاوێکیان هەڵ نەگرتووە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە.