کوردستان میدیا: دوای ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی، وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند، ئەو کارەی ئامریکا هەڵویستی جیاجیای لێ کەوتەوە.
ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خاکەلێوە، لە بڕیارێکدا، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانی بە فەرمی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند و هەر جۆرە هاوکاریی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیەی وەکوو پشتیوانی لە تێرۆریزم وەسف کرد.
دوای ئەوە بڕیارە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی سعوودیە، ئەو بڕیارەی ئامریکا وەکوو بڕیارێکی دروست وەسف کرد و پشتیوانی لەو بڕیارە کرد.
جان بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی کۆشكی سپی، وێڕای پێشوازی لەو بڕیارە هۆشداری دا کە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە نابێت هیچ پێوەندییەکتان هەبێت.
برایان هۆک، بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی ئامریکا، دوای ئەو بڕیارەی ئامریکا وتی: "سپای پاسداران لە کاتی دامەزراندنیەوە بەردەوام هەڕەشەی لە هێزەکانی ئامریکا کردووە".
"ئیلهان عومەر"، نوێنەری موسڵمانانی ئامریکا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکادا، بە نیسبەت ئەو بڕیارەی ئامریکا هۆشداری داوە کە ئەوە دەبێتە هۆی هەڵایسانی شەڕ.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوی ئامریکا، لە بارەی ئەو بڕیارەی ئامریکا وتی: "گرینگترین کەرەستەی ئێران بۆ ئاراستەکردنی شەڕی تێرۆریستیی لە جیهاندا سپای پاسدارانە".
بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکا، پێشوازییان لەو بڕیارەی ئامریکا کردووە، کە ڕێکخراوی سپای وەک تێرۆریست ناساند.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی تویتێریدا، دەسخۆشی لە بڕیارەکەی ئامریکا کرد.