کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەجێهێشتن و تەواونەکردنی پرۆژەی کێشانی گازی ''گەڵوان'' ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتەوە

13:07 - 10 پووشپەڕ 2720

٥ ساڵ لە پرۆژەی کێشانی گاز بۆ گوندی ''گەڵوان'' سەر بە شاری نەغەدە تێدەپەرێت و بەهۆی کەمترخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، ئەم پرۆژەیە تەکمیل نەکراوە و بەم هۆیەوە ناڕزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم هەر جارێک بە بیانووی بێبنەما وەکوو، دیاریکردنی هەرێمی جادە، ڕێگریی ئیدارەی ڕێگاوبان و کەمیی بودجە، لە تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە خۆ دەبوێرن.

ئیدعای بەرپرسانی ڕێژیم لە بابەت کەمیی بودجە بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە لە حاڵێکدایە کە پێش لە دەستپێکی ئەم پرۆژەیە بۆ گوندی ''گەڵوان'' بودجەی تەواوی بۆ تەرخان کرابوو.

بەجێهێشتن و تەواونەکردنی ئەم پرۆژەیە، ناڕەزایەتیی خەڵکی گوندی ''گەڵوانـ''ـی لێکەوتووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بۆ دابینکردنی کەپسولی گاز تووشی کێشە بوون و بەهۆی کەمیی گاز لە وێستگەکانی گاز، یەک مانگە زیاتر لەگەڵ ئەم کێشەیە بەرەوڕوون.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە جگە لە بەجێهێشتن و تەواونەکردنی ئەم پرۆژەیە، خەڵکی ئەم گوندە لەگەڵ چەندین کێشەی وەکوو پچڕانی بەردەوامی بەرق و ئاو، کۆکردنەوەی ناستانداردی زبڵ و کێشەی ئینتێرنێت بەرەوڕوون.

گوندی ''گەڵوان'' بە حەشیمەتێکی زیاتر لە ٩٠٠ کەسەوە لە ٦ کیلۆمیتریی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری نەغەدە هەڵکەوتووە.