کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین / ١٢ تیرۆریستی گرێدراوی ئێران زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕایەوە

20:57 - 25 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: ١٢ کەس لە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن دادگایەکی بەحرەینەوە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕایەوە و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەشیان لێ وەرگیرایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، ١٢ کەس لە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە تاوانی پێکهێنانی گرووپی تیرۆریستی و هێرشی چەکداری بۆ سەر پۆلیس، لە لایەن دادگایەکی بەحرەینەوە ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان لێ وەرگیرایەوە و سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕایەوە.

ئەو کەسانە لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا، لە وڵاتی بەحرەین هەوڵی کردەوەی تیرۆریستییان دابوو.

پێشتر، حکوومەتی بەحرەین ڕایگەیاندبوو کە دەزگای ئەمنیەتیی ئەو وڵاتە لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا، ئەندامانی تۆڕێکی تیرۆریستیی کەشف کردووە و ٤٧ کەس لە ئەندامانی ئەو تۆڕە تیرۆریستیەی کە لەگەڵ ئێران پەیوەندییان هەبووە، دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مادەی بەهێزی تەقینەوە لە لای ئەو گرووپە تیرۆریستییە دۆزراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.

حکوومەتی بەحرەین ئاشکرابوونی ئەو تۆڕە تیرۆریستییە بە درێژەی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و هەوڵی تێکدانی تەناهی و سەقامگیریی وڵاتی بەحرەین لە ڕێگای کردەوەی تیرۆریستی ڕێکخراوەیی لەقەڵەم داوە.
هەروەها ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران ئەو کردەوانەی کۆنتڕۆڵ کردووە کە پلانڕێژی،پەروەردە، دابین کردنی تێچوو، قاچاخی مادەی تەقینەوە و چەک و چالاکی بۆ ڕێکخستنی هێزە تیرۆریستییەکان لە خۆ دەگرێت.