کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بەحرەین" دژی بانکەکانی ئێران سکاڵای تۆمار کرد

11:42 - 29 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ وڵاتی "بەحرەین" ڕایگەیاند، بانکەکانی ئێرانی لەو وڵاتە خەریکی سپیکردنەوەی پارەن و دەیانهەوێت گەمارۆکان دەور لێ بدەنەوە و پشتیوانی لە تێرۆریزم بکەن.

دادستانی گشتیی بەحرەین بانکەکانی "ئێرانی – بەحرەینیی ئەلموستەقبەل، بانکی ناوەندیی ئێران" و چەند بانکی دیکەی بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار سپیکردنەوەی پارە تاوانبار کردووە و دژی ئەو بانکانە سکاڵای تۆمار کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو بانکانە لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٠٨ هەتا ٢٠١٢ خەریکی سپیکردنەوەی پارەن، هەروەها بانکی ئەلموستەقبەل بە فەرمانی بانکی ناوەندیی ئێران جگە لە سپیکردنەوەی پارە خەریکی ڕاگواستنەوەی پارەیە و لەو ڕێگایەوە توانیویەتی دووجار گەمارۆکان دەور لێ بداتەوە.

 دادستانی "بەحرەین" تاوانبارانی حەقیقی و حقووقیی ئەو دۆسیەیە کە بریتین لە بانکەکانی "ئەلموستەقبەل، بانکی میللی، بانکی سادرات، بانکی ناوەندیی ئێران" و چەند بانکی دیکەی ئێرانی ڕادەستی دادگای کەیفەری کردووە.