کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین هەڕەشە لە سپای تێرۆریستی پاسداران دەکات

18:51 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی بەحرەین لە ئەگەری بەستنی گەروی هورمۆز لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، ئاگاداریان بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران داوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و بە تایبەت فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە هەمبەر هەر گوشارێکی دەرەکی و نێونەتەوەیی بۆ سەر ئەو ڕێژیمە، هەڕەشەگەلێکی ترسۆنەکانە و بێبنەما دەکەن و زۆر جاریش هەڕەشەی بەستنی گەور هورمۆز دەکەن و وەکوو کارتی گوشار بۆ بەرانبەر بە وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتی ناوچەکە کەڵکاژۆی لێ وەردەگرن.

لەم پەیوەندییەدا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ جاری چەندەم لە ماوەی یەکساڵی ڕابروودا، جارێکی تر هەڕەشەی بەستنی گەروی هورموز دەکەن و ئەو هەڕەشانەش کە کاردانەوەی جۆراوجۆری کاربەدەستانی وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی لێکەوتووەتەوە و زۆربەی وڵاتان لە ئەگەری وەها کردەوەیەکدا هەڕەشە لە ڕێژیمی ئێران دەکەن.

لەم بارەیەوە، "خالێد بن ئەحمەد خەلفیە"، وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی بەحرەین لە سەفەرێکی خۆیاندا لەگەڵ پاشای ئەو وڵاتە بۆ فەرانسە و لە پرێسکۆنفرانسێکدا، هەڕەشەی لە سپای پاسداران کردووە و لە ئەگەری بەستنی گەروی "هورمۆز"دا ئاگاداری بە ڕێژیمی ئێران داوە، وتی: "ئێمە تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش ڕێگا بە ڕێژیمی ئێران نادەین کە گەروی هورمۆز ببەستێت".

خالێد بن ئەحمەد، لە درێژەی باسەکەیدا، لەسەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕایگەیاند؛ ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران هەر ڕۆژێک هەڕەشەیەک دەکەن، ئەمڕۆش هەڕەشەی بەستنی گەروی هورمۆز دەگەن، ڕێژیمی ئێران دەزانێت کە بەستنی گەوری هورمۆز، بەستنی گەڵووی خۆیەتی و خۆی خەفە دەبێت، بەڵام دیسان ئەو هەڕەشەیە دەکات.

ناوبراو لە کۆتاییشدا وێڕای ئاماژەدان بە زێدەڕەوییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و هەڕەشە و گوڕەشە بێبنەما و ترسناکەکانی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و ڕێکخراو و هێزە تێرۆریستییەکانی، ڕایگەیاند؛ بەستنی گەوری هورمۆز لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئاڵۆزی و ئاژاوەیەکی مەترسیدارتر لە ناوچەکە دێنێتە ئاراوە و ئێمەش ڕێگا بەو جۆرە کارەی ڕێژیمی ئێران و ئەو زیادەڕەوییەی سپای تێرۆریستی پاسداران تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش نادەین.