کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بەختیار عەلی" ڕۆماننووس و شاعیری کورد نوێترین بەرهەمی خۆی لە چاپ دا

17:03 - 18 خەزەڵوەر 2720

ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی" نوێترین بەرهەمی "بەختیار عەلی" ڕۆماننووس و شاعیری کورد لە کوردستانی باشوور چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەو ڕۆمانە باس لەوە دەکات لە کاتێکدا دەوڵەتی تورک خۆی بۆ دنیای دوای جەنگی جیهانیی دووهەم ئامادە دەکات، "تاریق ئاکانسو"ی کەماڵیست دەگاتە ئامەد، ئەو خەونەی کە لە خەیاڵیدایە ئەوەیە پڕۆژە گەورەکەی ئاتاتورک بگەیەنێتە کۆتایی دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتێک بە یەک ئاڵا، یەک زمان و یەک نەتەوە.

لەو دەمەدا بزووتنەوەی چەکداریی کورد گەلێک گورزی کوشندەی خواردووە و بێدەنگی و ترسێکی قووڵ باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە.

ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی" باس لە ژیانی بنەماڵەی ئاکانسو، خێزانێکی بچووک کە چارەنووسیان بە پڕۆژەی مەحاڵەکەی ئاتاتورکەوە بەسراوەتەوە دەکات.

هەروەها لەهەمان کاتدا لەو ڕۆمانەدا ئاوڕێک دراوەتەوە لە کاریگەریی مێژوو لەسەر ژیان و کاراکتەری مرۆڤەکان و ئەو مێژوویه پڕه لە توندوتیژی کە لە ناخی مێژووی مۆدێڕنی تورکیادا خەوتووە.

نووسەر لە ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی" لە فاشیزمی تورک ورد بووەتەوە و ئەو کاراکتەرە جیاوازانەی مێژووی ئەو وڵاتەیان دروست کردووە خستووەیەتە بەرچاوی خوێنەر.

ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی" ٧٢٢ لاپەڕەیە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی "ڕەهەند"ەوە بڵاو کراوەتەوە.