کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەخشداری "نەڵۆس"، تاوانەکانی سپای پاسداران پەردەپۆش دەکات

17:50 - 27 بانەمەڕ 2720

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان تاوانەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران پەردەپۆش دەکەن.

"ڕەحمان نەڵۆسی"، بەخشداری نەڵۆس سەر بە شاری شنۆ، لەبارەی گیانلەدەستدانی "ئارام مەولوودی"، کاسبکارێکی خەڵکی ئەو شارە کە لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزەکانی سپای تێرۆریستی لە ڕووباری گادەر کەوت و خنکاوە، چەواشەکاری دەکات.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو کاسبکارە وتوویەتی: "ئارام مەولووردی تەمەن ٢٥ ساڵ، شەوی ڕابردوو دەوروبەری کاتژمێر ٢١:٣٠ خولەک، لە نزیک گوندی پێگەڵە ویستوویەتی بە ئەسپ لە ڕووبار بپەڕێتەوە کە ناوبراو بەهۆی شەپۆلی ڕووبارەکە لە ئاو دەکەوێت و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دەدات".

ڕوونکردنەوەی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لەبارەی چۆنیەتیی ئەو ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو کاسبکارە کوردە بڵاوی کردووەتەوە: "ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، لە ئەنجامی بۆسەدانانی هێزەکانی سپای پاسداران لەسەر ڕێگای ژمارەیەک لە کاسبکاران، کاسبکارێکی لاو بە ناوی ئارام مەولوودی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە ڕووباری گادەر خنکا".

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی "کوردپا"، ئەو ڕووداوە لە نزیک پردی "ئایشەخان" ڕوویداوە و ئەو کاسبکارە لە ترسی دەسبەسەرکران و کوژرانی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، خۆی فڕێ داوەتە ڕووباری گادەر و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.