کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەدڕەوشتی بەشێکی جیانەکراوە لە گشتییەتی کۆماری ئیسلامییە

12:37 - 15 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: جگە لە گەندەڵی، چەواشەکاری و سیخوڕی کردنی بەرپرسانی ڕێژیم، بەدڕەوشتی و بەزاندنی سنوورە ئەخلاقییەکان یەکێک لە ئێلێمانە دیارەکانی ناسینەوەی کۆماری ئیسلامی و گەورەلێپرسراوانی بووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا گرتە ویدیۆیەک لە پارێزگاری پێشووی پارێزگای کوهکیلوویە و بویرئەحمەد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە کە تێیدا ناوبراو سەرقاڵی کاری بەدڕەوشتییە؛ "عەلی محمد ئەحمەدی"،  کە بە یەکێک لە مۆرە ناسراوەکانی دەزگای ویلایەت لە ناوچەکانی باشووری زاگرۆس دەناسرێ تاکوو ئێستە هیچ  دژکردەوەیەکی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ویدیوییە  نیشان نەداوە.   

کاناڵی تێلێگرامی "رویداد٢٤"ی دژبەری ڕێژیم لە زاری یەکێک لە نزیکانی" ئەحمەدی" بڵاوی کردوەتەوە کە ناوبراو بۆ کاروباری پیشەکەی خۆی دەڕوا بۆ تاران و لەوێ لەگەڵ کچێکدا ئاشنا دەبیت ؛ بۆ ماوەیەکی کاتی بەشێوەی "صیغە"یی پەیوەندییان دەبیت و لە تاران خانوویەک بۆ ئەو کچە بە کرێ دەگرێت.

ئەو کەسە هەروەها وتوویەتی کە ماوەیەکی زۆرە کەسانێکی سیخوڕ بەدواداچوون بۆ ئەم جەریانە دەکەن و لە ئاکامدا ڕٶژێک پارە بە نیگابانی باڵەخانەکەی "ئەحمەدی" دەدەن و لە نەبوونی ئەودا کامێراکانیان لە ژوورەکاندا دادەنێن کە بەم شێوەیە ئەم ویدیویە بڵاوکراوەتەوە.

"عەلی محمد ئەحمەدی" خاوەنی چەندین پلە و پایەی گرینگی حکوومەتی بووە کە بەشێکیان بەم چەشنەن:  پارێزگاری پێشووی پارێزگای کوهکیلوویە و بویرئەحمەد"،" بە ناو نوێنەری شارەکانی دەڕەشار، ئابدانان، بەدرە، دێهلۆڕان لە مەجلیسی نۆیەمی ڕێژیم"، "ڕاوێژکاری وەزیری نەوت"، ئەندامی شۆرای توێژینەوەی وەزارەتی ئابووری و کاروباری دارایی"، جێگری سەرۆکی کۆمیسیونی بەرنامە وبوجەی مەجلیسی ڕێژیم" و ...هتد.

ناوبراو هەنووکە ئەندامی ئەنجومەنی زانستیی ئابووریی ڕێژیمە.