کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەراوەردێکی سەرەپێیی

23:24 - 19 بانەمەڕ 2722

سندووس

عەرەبستانی سعوودی ۵٠٠ میلیارد دۆلاری بە مەبەستی درووستکردنی تێکنۆلۆژی سەوزی نوێ و پانێلە هەتاوییەکان، لە ڕووبەرێکی ٢٦ هەزار کیلۆمیتری، تەرخان کردووە تا جێگرەوەی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان بن.

عەرەبستان ئێستا گەورەترین و مۆدێڕنترین دامەزراوەی ئاوی خواردنەوەی ناوچەی هەیە و بەم زووانەش گرێبەستێکی بە بری ٧ میلیارد و ٢٠٠ میلیۆن دۆلار لەگەڵ BNP Paribas واژۆ کردووە تا ٩ ناوەندی‌ تر لە لێواری دەریای سوور وەگەڕبخات.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش بە دانانی ١٦٣ میلیارد دۆلار سەرمایەگوزارییەکی گەورەی لەم بوارەدا ئەنجام داوە و تا ساڵی ٢٠۵٠ی زایینی زیاتر لە ۵٠ لەسەدی پێداویستییە وزەییەکانی لەو سەرچاوانە دابین دەکات کە دووبارە بۆ کەڵک لێوەرگرتنەوە دەبن. دانانی سەرمایە لەسەر ئەم سەرچاوانە بە مانای کەمکردنەوەی تێچووی وزەی گرانی فۆسیلی و کەمکردنەوەی پیسی و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی کەشوهەوایی بەتایبەت وشکەساڵییە، کە وەک هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی نیشان داوە.

هەروەها ئیمارات ڕێکارگەلێکی تایبەتی بۆ کەڵکوەرگرتن لە ماشینە کارەباییەکان و گەیشتن بە دوورەدیمەنی شاری carbon - free واتە شاری بێ کاربۆن بەدەستەوەیە.

لە کۆریای باشووریش گەڵاڵەی گەشە و بەڕێوەبردنی وڵاتێکی سەوزی بێ کاربۆن لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە، هاوڕێ لەگەڵ کەڵکەڵەی ژینگەپارێزی و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەستراوەیی بە سووتەمەنییە فۆسیلییەکان و بەربەرەکانی لەگەڵ گۆڕانکاریی کەشوهەوایی و ئیقلیمی پەسند و لە قۆناغی بەڕێوەبردندایە.

بەپێی ئەم گەڵاڵەیە تا ساڵی ٢٠٢۵ کۆریای باشوور لە ڕیزی ۵ وڵاتی یەکەمی جیهاندا دەبێت لە بواری پیشەسازیی و تێکنۆلۆژی سەوزدا و بڕیارە بازاڕی کاری پێوەندیدار بە تێکنۆلۆژی سەوزیش درووست بکرێت.

سەنگاپووریش گەڵاڵەی بەربەرەکانی لەگەڵ گۆڕانکاری ئیقلیمی لە ساڵی ٢٠٠۵ـەوە دەست پێکردووە و نیزیک بە تەواوی ١٦۵٠ بورج و بینا گەورەیەی کە لەم ساڵەوە چاک‌ کراون بەپێی کەڵکوەرگرتن لە وزەی سەوز بووە.

هۆلەند سەرچەشنی گەشەی وەرزێڕی

وڵاتی هۆلەند و بەڕێوەبردنە سەرسووڕهێنەرەکەی دەتوانین وەکوو سەرسووڕهێنەرەکانی جیهانی مۆدێڕن چاولێبکەین. ئەم وڵاتە بچووکە بە ڕووبەرێکی ٤١ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەوە و لە ڕووی ڕووبەرەوە یەک بە چلی خاکی ئێران لەخۆ دەگرێ! بەکەڵکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژی پێشکەوتووی وەرزێڕی، لە دوای ئامریکا دووهەمین وڵاتە لە دونیادا لە بواریی هەناردەکردنی کەلوپەلی خواردەمەنی.

ڕێژەی بەرهەمهێنانی بەروبوومە وەرزێڕییەکان لە وڵاتی هۆلەندا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ وڵاتانی‌تر تەنانەت ئاڵمان و ئامریکاشدا هەیە. هۆلەندییەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینییەوە بە درووشمی "بەرهەمهێنانی دووبەرابەر بە کەڵکوەرگرتن لە نیوەی سەرچاوەی وزە و ئاوەکان"، بەجۆرێ بەرەو پێشەوە هەنگاویان ناوە کە بە کەڵکوەرگرتن لە شەریکەگەلی زانستتەوەری وەرزێڕی، پیشەسازیی خواردەمەنییان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بۆ بەرەوپێش بردووە.

هۆلەند ساڵانە ٧٩ میلیارد دۆلار - نیزیکەی دوو هێندەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران - بەروبوومە وەرزێڕییەکان هەناردەی وڵاتان دەکات و وێڕای ئەوەیکە ڕووبەری خاکەکەی زۆر کەمە، بەڵام لە ئاڵمان، فەڕانسە، چین و ژاپۆن زۆر لەپێشترە.

کۆماری توتالیتێری ئاخوندیش، گشت ئەو بابەت و دیاردانەی ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە ژیانی ئاسایی مروڤەکانەوە هەیە، تێکداوە و نەک هەر هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراوی بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی و هەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگە نییە، بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی ئێران و ناوچەی بەرەو شپڕێوی و ئاڵۆزی زیاتر پاڵ پێوەناوە. ئەوەی لە گەشەی بەردەوامدا باس و خواستی کارناسانەی لەسەرە ئەوەیە کە ئێمە دەبێ لە سەر ئەم زیست جیهانە جۆرێک ژیان بکەین، نەک هەر هیچی لێ کەم نەکەینەوە بگرە شتێکیشی بخەینە سەر و ڕادەستی بەرەکانی داهاتووی بدەین. لە گەشەی بەردەوامدا کەس لە پەرەپێدانی قەبە ئایدیۆلۆژییەکان ناپرسێ! بەڵکوو ئەوەی بایەخی پێدەدرێ خاوێن ڕاگرتن و جێگرەوەکردنی بابەتەکانی بەرهەمهێنانن، وەک چۆن نەوت و جۆرەکانی‌تری سەرچاوە ژێرزەوییەکان کە هەڵدەهێنجرێن و دەفرۆشرێن و بایەخیان پێدەخوڵقێت، دەبێ ژێرخانە ئابووری و پیشەسازییەکانیان پێ چاک ‌بکرێ و لە ئەگەری کۆتاییهاتنی ئەم سەرچاوانەدا ئیتر دەستەوەستان نەبین و پیشەسازی و تێکنۆلۆژییەکی جێگرەوەمان هەبێ بەڵام کۆماریی ئاخوندی تەواوی سامانی ئێرانی هەڕاج کردووە و ژینگەی وێران و خەڵکەکەشی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر برسی‌ و برسیتر ڕاگرتووە، تەنیا لە پێناو بڕەوی ئایدیۆلۆژییە شەڕانگێزییەکانی خۆیدا.

ئەم سیستمە پاشکەوتوویە نەک هەر هیچ بەرنامەیەکی بۆ خۆشبژێوی، ئاوەدانی، گەشەی ئابووری، خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و ... نییە بگرە ئەم بابەتانە هەر بایەخیشیان نییە و لە وێرانی و تێکدان چێژوەردەگرێت و لە گشت ناوچەکانی ئێران و کوردستان گۆلاو، ڕووبار، ئاوی‌ خواردنەوە، لێڕەوار، دارودەوەن و تەنانەت ئاژەڵە کێوی و ماڵییەکانیش ڕەحمییان پێ‌ناکرێ و کەوتوونەتە بەر غەزەبی ئەم باندە مافیاییەوە.

بەراوردێکی سەرەپێیی لە نێوان ئێرانی ئاخوندی و ئەم چەند وڵاتەی ئاماژەمان پێکردن، بۆمان دەردەخات کە ئەم سیستمە پاوانخوازە ئەوەی بەلایەوە گرینگ نییە ژیان و ژینگەی کۆمەڵانی خەڵکە، دەنا چ‌خێرە بە ٤ دەیە دەسەڵات، ئەو هەموو وێرانی و بێ‌دەرەتانییە بەرهەم بێنی و دەرووی تەواوی دیاردەکانی ژیان بوشکێنی و وڵات بەرەو هەڵدێرێک بەری کە هیچ مرۆڤێک بچووکترین هیوای بە ژیان نەمابێت!!