کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەربژێرە جێ پەسەندەکانی ڕێژیم بۆ پرۆپاگەندەی ھەڵبژاردن ھەموو سنوورەکانی بێ‌ئەخلاقیان بڕیوە

10:46 - 1 رەشەمه 2719

بەربژێرەکانی ڕێژیم بە دانانی فیلمی پڕ لە درۆ و چەواشەکاری هەوڵ دەدەن پشتیوانیی خەڵک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن .

"مۆحسێن بیگلەری" نوێنەری ڕێژیم لە شارەکانی سەقز و بانە بە دانانی کلیپێکی ویدیۆیی ئیدعای کردووە کە چەند کەسێک لە مامۆستایانی ئایینیی شاری سەقز پشتیوانیان لە ناوبراو کردووە .

بیگلەری کە مۆرەیەکی گەندەڵی ڕێژیمە لە کاتی بانگەشەکانی لە ڕۆژانی ڕابردودا لەلایەن خەڵکی شارەکانی سەقز و بانەوە هێرشی کرایە سەر. چەندین جار خەڵک بە هووراکێشان و دروشمدان قسەکانیان پێ بڕی کە ناوبراو ناچار بوو شوێنی قسەکردنەکە بەجێ بهێڵێت .

خەڵک پۆستێر و تراکتەکانی بیگلەری و تەواوی چڵکاوخۆرانی دیکەیان لەم دوو شارە ئاگر تێبەرداوە یان دڕیویانە و لەژێر پێیان ناوە .

"مۆحسێن بیگلەری"  بۆ کڕینەوەی ئابڕوی خۆی کەڵکی لە فیلمە کۆنەکان وەرگرتووە و بە شێوازێکی پڕ لە فێڵ دەیهەوێ کەسانی دیکە بەدناو بکات .

بیگلەری چەند ڕۆژ لەمەوبەر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن چووبووە مزگەوتی "فەخری ڕازی" لە شەقامی ٣٢ میتریی سەقز و فیلمیان لە مزگەوت و مامۆستای مزگەوتەکە کە کەسێکە بەناوی مامۆستا مەلا "مەجید قادرپەنا" هەڵگرتووە  دواتر لە کلیپێکی ویدیۆیی پڕ لە درۆدا ئیدعای کردووە کە ئەو مامۆستایه پاڵپشتیی لە ناوبراو کردووە .

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان مامۆستا مەلا مەجید وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە بێ ئەخلاقانەی بیگلەری لە لێدوانێکی پوخت و ڕێک و پێکدا وتوویەتی: "من وەک مامۆستای ئەم مزگەوتە تەنیا میوانداریی بیگلەریم کردووە". مەلا مەجید وتوویەتی: "نە دەنگ بە بیگلەری دەدا و نە بە هیچکام لە پاڵێوراوانی دیکە".

ئەو مامۆستا ئایینییە داوای کرد کە خەڵک لە سەر ئەو فیلمە پڕ لە درۆ و چەواشەکاریە کە دارودەستەی موحسین بیگلەری بڵاویان کردووەتەوە حیساب نەکەن و فریوی هیچکام لە پاڵێوراوان نەخۆن .