کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەربژێرەکانی ڕێژیمی ئێران لە کرماشان تەنیا بەڵێنییان داوە

11:00 - 4 رەشەمه 2719

هاووڵاتییانی شارەکانی کرماشان و بەتایبەتی شارەکانی وەک داڵاهۆ، سەرپێل‌زەهاو و قەسری‌شیرین، دوای تێپەڕینی ١١یەمین خول لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس، هەتا ئێستا هیچ خزمەتگوزاییەکیان بۆ نەکراوە.

هاووڵاتییان باسیان لەوە کردووە کە شاری کرێندی غەرب بە جێگای ئەوەیکە پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت، تەنیا حەشیمەتەکەی بەهۆی کۆچکردن لەبەر بێکاری کەم بووەتەوە.

لاوانی شارەکانی کرێندی غەرب، ڕێژاو و گاوارە داهاتیان نییە و به‌هۆیەوە ڕوو لە شارەکانی کەرەج و ساوه دەکەن.

هاووڵاتییانی ئەو شارانە لە کرماشان ڕوو لە بەربژێرەکانی مەجلیس وتوویانە: "لاوانی ئێمە به‌هۆی نەبوونی کار ڕوویان لە شارە پیشەییەکان کردووە، بە چەشنێک کە کاتێک دەچیتە ساوە، دەڵێی دەچیتە کوردستانێکی نوێ، چونکە پڕە لە لاوانی کورد کە لەو شارەدا کار دەکەن. چۆن لە ڕووتان هەڵدێت بە خەڵک بڵێن بڕۆینە مەجلیس خزمەت دەکەین".

مەسکەنی مێهر لەو شارە ماوەی ١٠ ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەندێک بنەماڵە بۆ کرێی خانووبەرەیەک ٥٠ ملیۆن تمەن ڕەهن دەدەن.

هاووڵاتییان باسیان لەوەش کردووە، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بەربژێرەکان لە پاکی و سداقەتی خەڵکی ئەو شارانە کەڵکاژۆیان وەرگرتووە و تەنیا بۆ گیرفانی خۆیان کاریان کردووە.

بۆ نموونە وەرزێڕانی ئەو شارانە به‌هۆی گرانیی کود و دەرمان و کەرەستەی وەرزێڕی کە هەتا ئاستێک گرانە، ئیتر ناتوانن بەرهەمێکی وەرزێڕییان هەبێت.

خەڵکی ئەو شارانە وتوویانە، بەربژێرەکان لە پشت بڵندگۆکان باس لە ئاوەدانی دەکەن کە تەنیا وێرانییان هێناوە.

بەربژێرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کرماشان داوایان لە خەڵک و بەتایبەتی پێرەوانی ئایینی یارسان کردبوو کە پاڵپشتییان لێوە بکەن، بەڵام ئەو داواکارییەی بەربژێرەکان بە "نا" وڵام درایەوە و لۆمە کران.

بەربژێرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کرماشان بەهۆی ئەوەیکە خەڵک دەنگیان نەدەدا، مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی دەنگیان دەکرد.

ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیم زۆر کەم بوو و دەنگی "نا" دەنگی یەکەم بوو.