کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام بێجگە لە ماڵوێرانی هیچی بەدواوە نەبووە

17:41 - 15 گەلاوێژ 2720

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە باسیان لەوە کرد واژۆکردنی بەرجام سەرکەوتنی ئێمە لە بەرانبەر ڕۆژئاوادا بووە بەڵام ئێستا دانیان بە شکستی خۆیان داناوە.

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەوە کردووە هەندێک کەس لە سەرەتای بەرجامدا دەیانوت ئێمە داری میوەمان چاندووە چاوەڕوان بن هەتا بەرهەمەکەی بچنینەوە بەڵام بەرجام بێجگە لە ماڵوێرانی هیچی بەدواوە نەبووە.

"عەلیڕەزا سەلیمی" نوێنەری مەجلیسی ڕیژیم وتوویەتی:" بەرجام بێجگە لە گرانیی سەرسووڕهێنەر، دۆلاری ٢٥ هەزار تمەنی، لەدەستچوونی پیشەیی ناوکی، گاڵتەیەک بە ناوی ئینستێکس یان ئێس. پی. وی، پرایدی ٩٥ ملیۆنی و هەڵاوسانی ٤٤ لە سەدی هیچ بەرهەمێکی دیکەی بەدواوە نەبووە".

هەروەها ئەو نوێنەرەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە ئەو کەسانەی کە سەرەتا بەرجامیان وەک شانازییەک لە مێژووی ئێراندا وەسف دەکرد ئێستا لە ئاستی ئەو هەمووە کێشە و گرفتانەدا خۆیان کەڕ کردووە.