کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام دۆڕانێک بووه

12:19 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستێکی پێشووی ڕێژیمی ئێران، دانی بەوە داناوە، کە دەبێ قەبووڵ بکەین بەرجام دۆڕانێک بووە و ئاکامەکەشی ئەوەیه که دەیبینین.

"ئەبولفەزل زۆهرەوەند" باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران لە ئیتالیا، لە وتووێژێکدا ئاشکرای کردووە، ئەو کەسانەی کە بەرجامیان واژۆ کرد، دەبێ قەبووڵ بکەین، بەرجام دۆڕانێک بووە و ئاکامەکەشی ئەوەیە کە دەیبینین. ئورووپایییەکان تەنات لە دروستكردنی ڕێگاچارەیەک بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێران کێشەیان هەیە.

ئەو کاربەدەستە پێشوویەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، ئورووپایییەکان بە تەنیایی ناتوانن لە بەرانبەر گەمارۆوەکانی ئامریکادا کارێک بکەن.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و کات بەفێڕۆدانی ئورووپایییەکان ئاکامەکەی بووەتە دۆڕانی بەرجام و ئێمەش دەبێ قەبووڵ بکەین، که بەرجام دۆڕانێک بووە و دەبێ دان بەو دۆڕانەش دابنین.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە بارەی هاوکاریی ماڵیی ئورووپا بە ئێران باسی لەوە کردووە، بڕیارە ئورووپا ڕێگاچارەیەک بۆ کاروباری ماڵیی لەگەڵ ئێمە ببینێتەوە، بەڵام ئەو مامەڵەیەی ئورووپا بەشی نەوت لە خۆ ناگرێت و تەنیا خواردەمەنی و بەشی دەوا و دەرمانه کە ئامریکاش خۆی ئیزنی ئەوەی داوە.

ناوبراو لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، واژۆکردنی بەرجام هەڵەیەکی گەورە بوو، ئورووپا جێگای باوەڕ نییە و ئێمەش دەبێ پشت لە ڕۆژئاوا بکەین.

"برایان هووک" پێشتر باسی لەوە کردبوو، کە ڕێککەوتنی بەرجام هیچ پێگەیەکی یاسایی نەبوو و دەبێ ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران واژۆ بکەین.

لە دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام یەکیەتیی ئورووپا خۆی بۆ کۆتایی پاش بەرجام ئامادە کرد، هەتا بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات، بەڵام هەتا ئێستا ئەم هەوڵەی بەرپرسانی ئورووپا جێبەجێ نەکراوە.