کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام و خەونەکانی ڕێژیمی تاران

18:56 - 9 جۆزەردان 2718

نەوید کەرەمی

حەسەن روحانی کە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە خولی یازدەهەمی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئێراندا، سەرکەوت و بە فەرمی وەک حەوتەمین سەرکۆماری ڕێژیم لە ئێران دەسبەکار بوو، لە کاتی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنەکانی بە مەبەستی فریودانی خەڵک و ڕاکێشانیان بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان، کۆمەڵێک وادەی بێ بنەمای لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری و میدیاییەوە بە خەڵکی ئێران دا.

ناوبراو بە بەڵێنی بێبنەما و دروشمی خەڵەتێنەر، توانی هەم پشتیوانی خەڵکی ئێران و هەم سەرنجی زلهێزانی جیهانی بۆلای خۆی ڕابکێشێت، بە هەڵگرتنی دروشمی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید، وای نیشان دەدا کە بە تەمایە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ئاشت ببێتەوە و پێوەندییەکی دۆستانە لەسەر بنەمای متمانەی دوولایەنە لەگەڵ هەموو جیهان دابمەزرێنێت و لە ناوخۆشدا بایەخی زیاتر بە ژیانی خەڵک بدات و هەموو کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات.

لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری حەسەن ڕوحانیدا و لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی بە مەبەستی چارەسەریی پرۆژە ناوکییەکەی ڕێژیم، ڕێککەوتننامەیەک لە ویەنی ئۆتریش، لە نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی چین، فەرانسە، ڕوسیە، بریتانیا، ئاڵمان و ئامریکادا بەسترا.

بە پێی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە بە بەرجام ناسراوە، بڕیار بوو کە ڕێژیمی ئێران یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی کەم بکاتەوە و تەنیا تا ئاستی ٣/٦٧ لەسەد ئیزنی پیتاندنی یۆرانیۆمی پێ درا، بڕیار درا تا هەموو چالاکییەکانی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ئەنجام بدات و ئیزن بە چاوەدێرانی ئاژانس بدات تا هەموو بنکەکانی بپشکنن و هیچ چالاکییەکی نهێنی نەبێت، لە بەرانبەردا گەمارۆکانی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئۆرووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر ئێران لابچن.

بەمشێوە وڵاتانی جیهانی توانیان هەڕەشەی دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لانیکەم لە کورتماوەدا لەسەر هەموو جیهان لابەرن و تا رادەیەک چاودێری و کۆنترۆڵی بخەنە سەر؛ بەڵام بە نەمانی گەمارۆکان لەسەر ئێران و بە تایبەت ئازاد بوونی بەشێکی بەرچاو لە پارە بلۆکە کراوەکانی ئێران لە لایەن ئامریکاوە، هەلێکی زێڕین کەوتە دەست حکوومەتەکەی ڕوحانی بۆ بەهێز کردن و پەرەدان بە چالاکی و گەشەدان بە ڕێکخستنەکانی سپای قودس لە وڵاتانی ناوچە و یارمەتیدانی لایەنگرەکانیان.

لە وڵاتانی عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنان و زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا، بە یارمەتی ئەو پارە ئازادکراوانە، سپای قودسی ڕێژیم دەستی دایە چالاکی بۆ ئاڵۆزی و نانەوەی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتانەدا و یارمەتیدانی لایەنگرەکانی خۆیان بۆ کۆنترۆڵی ئەو وڵاتانە.

هاوکات بوونی بەرجام لەگەڵ شەڕی هاوپەیمانان لەگەڵ داعش وای کرد تا کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت لە لایەک هێژمۆنی خۆی لە عێراقی پاش سەدام حوسەین بباتە سەرەوە و لە سووریەش بتوانێت پێش لە ڕوخانی بەشار ئەسەد بگرێت.

چالاکییەکانی سپای قودس و یارمەتی گەیاندنی ڕێژیمی تاران بە هاوپەیمانەکانی لە وڵاتانی ناوچە و پشتگوێ خستنی خەڵکی ئێران لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە وایان کرد کە دۆخی ژیانی خەڵک لە ناوخۆی ئێراندا لەوەی کە بوو خراپتر ببێت و بە هۆی قەیرانە جۆراوجۆرەکانی وەک داڕمانی ئابووری، گرانی و بێکاری ... هتد، بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی لە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێراندا خەڵک دژ بە هەڵسوکەوت و کردەوەکانی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین کە لەو کاتەوە تا بە ئەمڕۆ ناڕەزایەتیی ژنان، ماڵخوراوان، مامۆستایان، کرێکاران، بازارییان و شۆفێر تاکسی و کامیۆنداران و ... هتد، بە نیسبەت گەیاندنی دەنگی خۆیان بە بەرپرسانی ڕێژیم و مسۆگەر کردنی مافەکانیان لە شارەکانی ئێراندا، ماوە بە ماوە و بە شێوازی جۆراجۆر بەڕێوە چووە.

دانڵد ترامپ کاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا دژایەتی و ناڕەزایەتی خۆی لەهەمبەر بەرجام دەربڕی و راشکاوانە رایگەیاند ئەو کاتەی ببێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کۆتایی بەو ڕێککەوتننامە خراپ و پڕشوورەییە دێنێت.

پاش هاتنەسەرکاری دانڵد ترامپ وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕەخنە و دژکردەوەکانی ئامریکا بە نیسبەت ڕێککەوتننامەی بەرجام دەستیان پێکرد و ماوەی ٦ مانگ مۆڵەتی بە پارلمانی وڵاتەکەی و یەکیەتی ئۆرووپا دا تا کەموکوڕییەکانی بەرجام چارەسەر بکەن و ڕێگاچارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بە هۆی لاوازی بەرجامەوە هاتوونەتە ئاراوە، بێنن.

ناوبراو لە کۆتاییدا و لە ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ، کشانەوەی تاکلایەنەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕاگەیاند و بڕیاری وەگەڕخرانەوەی سەرلەنوێی گەمارۆکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٦ مانگدا، واژۆ کرد.

لەو کاتە بە دواوە، بەردەوام ئەندامانی سەر بە سپای قودس و ئەو شرکەتانەی کە لە بواری ماڵی یان گواستنەوەی چەکوچۆڵ لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دیکە و بە پێچەوانەکەی، یارمەتی بەو ڕێکخراوە دەدەن، دەستنیشان و بە خشتەی گەمارۆکانی خۆی زیادی کردوون، هەروەها بەرپرسانی سەرەکی سپای قودس و ڕێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنان وەک تیرۆریست لە لایەن ئامریکاوە ناسێندراون.

داهاتووی ئامانج و خەونەکانی سپای قودس بۆ باڵ کێشان بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەندە بە سەرکەوتنی جەواد زەریف و بەردەوام بوونی ڕێککەوتننامەی بەرجام.

خەونی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران، واتە هەناردە کردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکان و باڵ کێشان بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەراست، خۆی لە چالاکی و بەرنامەکانی سپای قودسدا دەبینێتەوە، لەو ساڵانەی دواییدا و لە سێبەری بەرجام و شەڕە نێوخۆییەکانی وڵاتانی عەرەبی وەک عێراق، سووریە، یەمەن و ... هتد، توانیویەتی هێژمۆنی خۆی لەو وڵاتانەدا زۆر بکات و لەو ڕێگایەوە دەستێوەردانی سیاسی و سەربازی بکات.

هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران کە لە چالاکییەکان و زۆر بوونی هێژمۆنی سپای قودس سەرمەست بوون، لافی ئەوە لێ دەدەن کە توانیویانە لە هەموو دونیادا جێ پێی خۆیان بکەنەوە و هیچ وڵاتێک چی دیکە ناتوانێت قامک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕابکێشێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕای ڕەخنەی وڵاتانی ئامریکایی و ئۆرووپایی لەمەڕ چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و هەروەها تەیار کردن و پاڵپشتییەکانی لە تیرۆریستان و لایەنە توندڕەوەکانی ناوچە، هەنووکەش باس لەوە دەکەن کە بە هیچ شێوەیەک واز لە پرۆژەی مووشەکەکانیان ناهێنن و لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتیش ناکشێنەوە.

بەڵام پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و بە هاتنە ئارای داواکاریی زلهێزانی ئۆرووپایی وەک مەرجی مانەوەیان لە بەرجام، هەموو خەونەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ باڵ کێشان بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوونەتە بڵقی سەر ئاو و لەرزەی لە جەستەی هەموو بەرپرسانی ڕێژیم بەرداوە.

ئاکام

ئەگەرچی ڕێککەوتننامەی بەرجام بوو بە هەلێکی گونجاو بۆ زۆر بوونی تەڕاتێنەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و پارە ئازاد کراوەکان پاش ئەو رێککەوتننامەیە، یارمەتیدەرێکی باشی حکوومەتی ڕوحانی و سپای قودس بوون بۆ هەرچی بەهێزترکردن و قایمتر کردنی ڕێکخستنەکانیان و تەیار کردنی هاوپەیمان و لایەنگرەکانیان لە وڵاتانی دیکە، بەڵام لە لایەکی دیکەدا ئەو جۆرە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییانەی ڕێژیم بوون بە هۆکاری ڕەخنە و گلەیی و گازندە لەسەر بەرجام و لە کۆتاییدا کشانەوەی ئامریکا لەو رێککەوتننامەیە و سەر لەنوێ وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکان بۆسەر ڕێژیمی تاران.

بە کشانەوەی ئامریکا، ڕێککەوتننامەی بەرجام چووەتە کۆماوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش کەوتوونەتە پەلەقاژە و مانۆڕی دیپلۆماتیک بۆ خۆڕزگار کردن لەو زەلکاوەی کە تیایدا گیریان کردووە.

لە کۆتاییدا یان ڕێژیمی تاران بە هەموو مەرجەکانی ئامریکا و ئۆرووپاییەکان رازی دەبێت و لەسەر مێزی وتووێژدا بە نەرمشێکی قارەمانانەی دیکە لە پێناو مانەوەی ڕێژیمەکەیان پشت لە هەموو چالاکی و سەرمایەکانیان لە ناوچە دەکەن و واز لە هەموو شتێک دێنن، یان بەردەوام دەبن لە خەون و خەیاڵات و بە ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی وڵاتانی ئۆرووپایی بە نیسبەت کۆتایی هێنان بە پرۆژەی چالاکی مووشەکە بالستیکییەکانی لە ناوچە و دەستێوەردان و یارمەتیدانەکانی لە تیرۆریستان و ... هتد، کۆتایی بە بەرجام دێت، کە لەو حاڵەتەدا بە یەکجارەکی دەروازەکانی وڵاتانی بەڕوودا دادەخرێت و بە گەلەکۆمە و زەبری هێز ئاودیوی سنوورەکانی ئێرانی دەکەنەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.