کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان

12:25 - 2 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: چالاکی تەبلیغی تێکۆشەران و خاکی پۆشانی دیمۆکرات بەبۆنەی هاتنی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان درێژەی هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ٣٠ لە سەر١ی بەفرانبار، تێکۆشەران و خاکیپۆشانی مەتەرێزی شار لە سنە، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی کۆماری بەشکۆی کوردستان، بە بڵاو کردنەوەی نوقڵ وشیرینی وتراکت و پووستێری تایبەت بە پێشوازی ئەم ڕۆژەوە چوون.

لەم چالاکییەدا جامانە لەملانی دێموکرات، ٣هەزار بەستە نوقڵ وشیرینییان لە زۆربەی شەقام و گەڕەکەکانی ئەو شارە بڵاو کردەوە .

ئەو شوێنانەی کە چالاکی لێ کرا بریتین لە: شارۆچکەی نایسەر، گەڕەکەکانی:غەفوور، حاجیئاوا، حەسەن ئاوا، فەرەح، نبوەت، عەباس ئاوای خواروو و ژووروو؛ هەروەها لە گوندەکانی شیان و تەوریوەر بەشێوەیەکی بەرین و کەموێنە چالاکی تەبلیغی بەڕێوە چووە.

لە شاری سنەی خوێناوی پێشمەرگەکانی شار لە بەرزاییەکانی ئاویەر بەنێری تایبەت بە دووی رێبەندانیان هەڵکرد.

هاوکات تێکۆشەرانی دیموکرات لە گۆک‌تەپەی مەهاباد بە نووسین و بڵاوکردنەوەی درووشمەکانی "قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی ڕێگاتان درێژەی هەیە" و " پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان" بە پێشوازی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمارەوە چوون.

لە شاری ورمێی قارەمان، قارەمانانی دێموکرات بە نووسینی درووشمەکانی وەک بژی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان، دیوارەکانیان ڕازاندەوە؛ لە شاری پاوەش ئەندامانی حیزب بە درووشمی هاوشێوە یادی کۆماریا بەرز ڕاگرت.

سەر لە ئێواری ڕۆژی دووشەممە ١ی رێبەندان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە گوندی مەمەلیان سەر بە شاری نەغەدە، کارو چالاکی لەلایەن تێکۆشەرانی دێموکرات ئەنجام درا کە بریتی بوو لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و نووسین دروشمی تایبەت بە دووی رێبەندان لە سەر دیوارکانی ناو گوند.