کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەڕە قسەکانی فەرماندەی سپا و سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران

11:36 - 11 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، کە تەقاندنەوەی جادە و ڕێگائاسنییەکانیان قازانجی بووە.

محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسداران، لە کاردانەوە بە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاندووە: کە تەقاندنەوەی ڕێگائاسنییەکان و جادەکان بۆ پێشگرتن لە لافاو بەقازانج بووە.

ناوبراو ڕوو لە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بەبێ ئەوەی کە ناوی ببات وتبووی: "هیوادارین بەو تەقینەوانەی کە ڕوو دەدەن، ئیتر تۆمەتی ئەوە لە ئێمە نەدەن کە ئاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازینەوە؛ چونکە ئەمە خاڵێکە کە دەبێت ئاوی لێ بڕاوتە دەرەوە".

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە بارەی هەوڵەکانی سپا بۆ پێشگرتن لە زیاتربوونی خەسارەکان لێدوانی داوە و بە کارگەلێکی بێسوود ناوزەدی کردوون و وتوویەتی: "بۆم جێگای پرسیار بووە، کە بۆچی ئاو لە ئاق‌قۆلا و گۆمیشانەوە دەرناچێت. جادە و ڕێگائاسنییەکانیان تێک داوە؛ ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە، ئاو لە ئاراستەیەکەوە بۆ ئاراستەیەکی دیکە چووە. بەم کارە لافاو لە ئا‌ق‌قۆلاوە بۆ گۆمیشان ڕۆشتووە".

ئەم شەڕە قسانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتێکدایە، لافاو زۆربەی شار و پارێزگاکانی کوردستانی گرتووەتەوە و هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی لافاولێدراو هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە دۆخەکەیان بۆ خەڵک بە تەقاندنەوەی ڕێگا و شوێنەکان دژوارتر کردووە.