کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی سەرکۆماری یەمەن لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێراندا

12:25 - 12 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری وڵاتی یەمەن، جارێکی تر ناڕەزایەتی وڵاتەکەی لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی یەمەندا دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە، ۱۱ی خاکەلێوە، عەبد ڕەبە مەنسوور هادی، سەرکۆماری وڵاتی یەمەن، لە کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی عەرەبی، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە وڵاتی تونێس بەڕێوە چوو، لە وتارێکدا بە توندی ناڕەزایەتی وڵاتەکەی لە هەمبەر دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت وڵاتی یەمەندا، دەربڕی.

سەرکۆماری یەمەن، لە سەرەتای وتارەکەیدا ڕایگەیاند؛ ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە داگیرکردن و کۆنتڕۆڵی شاری سەنعا، پێتەختی وڵاتی یەمەن، لە ڕێگای میلیشیا چەکدارە حووسییەکاندا، پێتخەتی هەموو وڵاتانی عەرەبی داگیر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش میلیشیا چەکدارە حووسییەکان، شاری سەنعایان کردووەتە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ هاووڵاتییانی یەمەنی و ژیانی خەڵکیان بەتەواوەتی تێک داوە.

مەنسوور هادی، وێڕای ئاماژەدان، بەوەی کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، خۆیان و نیشتمانەکەیان بە دوژمنێک فرۆشتووە، کە لەگەڵ هەموو نەتەوەی عەرەب دوژمنایەتی دەکات، وتی: "میلیشیا چەکدارە حووسییەکان بە بڕیاری ڕێژیمی ئێران، هەموو شارەکانیان داگیر کردووە و بۆ وێرانکردنی ئەو شارانە و تێکدانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەموو هەوڵەکانیان خستووەتە گڕ".

ناوبراو لە درێژەی وتارەکەیدا ڕایگەیاند: بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، پاش کودەتای میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن بەرانبەر بە حکوومەتی یاسایی و خەڵکیی وڵاتی یەمەن و داگیرکردنی شاری سەنعای پێتەختی یەمەن، دەستێوەردانەکانیان لە چوار وڵاتی تری عەرەبی چڕ کردووەتەوە و شانازیی ئەو ئاژاوەگیڕییەش بە وڵاتان دەفرۆشن.

لە کۆتاییشدا لەسەر ئاشتی و ئاسایشی وڵاتەکەی جەختی کردووەتەوە و ئامادەییی حکوومەتی یەمەنی بۆ هەموو پیشنیارێکی ئاشتییانە لەگەڵ میلیشیا چەکدارە حووسییەکان بەبێ دەستێوەران و هەبوونی ڕێژیمی ئێران و بە نێوبژیوانیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەربڕی.