کوردستان میدیا: هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی، بە هاوکاریی سپای نیشتمانیی وڵاتی یەمەن، هێرشێکی چڕوپڕیان بۆ سەر بنکە و مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و حووسییەکانی یەمەن لەو وڵاتە دەست پێ کردووە.
ڕۆژی سێشەممە، ۷ی ڕەشەمە، هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی، بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی هێزەکانی سپای نیشتمانیی یەمەن، هێرشێکی چڕوپڕیان بۆ سەر بنکە و مۆڵگەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران و میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن، لە پارێزگاکانی سەعدە و تەعزە دست پێ کرد، کە لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا زیانێکی زۆری گیانی و سەربازیی بەر میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران کەوتووە.
وەزارەتی بەرگریی وڵاتی یەمەن، لەم بارەوە ڕاگەیاندووە، کە سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی، لە چەند هێرشی جیاوازدا چەندین مۆڵگەی ڕاهێنانی میلیشیا چەکدارە حووسییەکان، کە لە لایەن هێزەکانی لقی قودسەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت، هاوکات لەگەڵ سەکۆیەکی مووشەکی بەنێو حووسییەکان لە پارێزگای "سەعدە"، کە سپای تێرۆریستی پاسداران دایمەزراندووە، کردووەتە ئامانج.
هاوکات سەرلەئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، پاش چەندین شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سپای یەمەن و میلیشیا حووسییەکان لە چەندین ناوچەی جیاوازی پارێزگای "تەعزە"دا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای نیشتمانیی وڵاتی یەمەن، شوێنە گشتییەکانی میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی سەر به سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆردمان کردووە.
شەوی پێشتری ئەو هێرشانە، واتە شەوی دووشەممە، هێزەکانی سپای نیشتمانیی یەمەن، لە هێرشێکی تردا بۆ سەر میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن، گۆرزێکی قورسیان لێ وەشاندوون و زیانێکی زۆریان پێ گەیاندوون.
لە ئاکامی ئەو هێرشانەی هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی و هێزەکانی سپای نیشتمانیی وڵاتی یەمەن، بۆ سەر مۆڵگە و شوێنە سەربازییەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن، زیانێکی زۆری گیانی و سەربازیییان بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران گەیاندووە، کە هێشتا لەم بارەوە هیچ ئامارێک بڵاو نەکراوەتەوە.