کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق و داکشانی ژیانی هاوبەش

12:28 - 29 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بونیاتی بنەماڵە لە ئێراندا لە مەترسیدایە و زۆربەی ژیانە هاوبەشەکان لە ئێران و کوردستاندا لە ئەنجامدا تەڵاقیان لێ دەکەوێتەوە.

تەڵاق یەکێک لەو کێشە کۆمەڵایەتییانەیە، کە بەرۆکی کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی گرتووەتەوە و لە ئێستادا بەرزبوونەی ئاماری تەڵاقەکان دەرخەری ئەوەیە، کە بونیاتی بنەماڵە لە مەترسیدایە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە ڕێژیم لە بارەی تەڵاق بڵاوی کردووەتەوە، ئاماری تەڵاق ڕووی لە هەڵکشانە و لە هەمانکاتدا تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش بەرز بووەتەوە کە ئەوە مەترسییەکە بۆ سەر پێکهاتەی کۆمەڵگا.

لە پارێزگای ورمێ لە هەر ٥ ژیانی هاوبەش ١ تەڵاق ڕووی دەدات و لە هەندێک لە پارێزگاکان کە ناوەندەکانی ئاماری ڕێژیم ناوی ئەو پارێزگانەی نەهێناوە لە هەر ٥ ژیانی هاوبەش هەر ٥یان تەڵاقیان لێ دەکەوێتەوە.

تاوتوێی ئامارەکانی لە بارەی تەڵاقدا دەرخەری ئەوەیە، کە پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە ماوەی ساڵەکانی ٨٣ هەتا ٨٩دا لە ئاستی ئێراندا پلەی چوارەم و پێنجەمیان هەبووە.

لە ساڵی ١٣٩٦دا لە ئێراندا تەڵاق ڕێکۆردی شکاندووە و لە ماوەی یەکساڵدا ١٧٥ هەزار تەڵاق تۆمار کراوە.

لە سەرەتای ساڵی ١٣٧٩ بەملاوە ئاماری تەڵاق بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان کردووە.

لە ساڵی ٩٦دا لە هەر کاتژمێرێکدا ٢١ حاڵەت و لە سەرەتای سێ مانگی ساڵی ٩٧دا ٤٢ هەزار حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە و ئەم ئامارە لە  ٦ مانگی هەمان ساڵدا گەیشتووەتە ٨٠ هەزار حاڵەت.

ئامارەکانی تەڵاق لە ئێراندا لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە، کە "عەلی‌ئەکبەر مەحزوون" بەڕێوەبەری گشتیی ئیتلاعات و ئاماری حەشیمەتی ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی ئێران، بە فەرمی باسی لەو کردووە، ئەوەندە باسی ئاماری تەڵاق کراوە کە ئیتر هیچ دەردێکی پێ دەرمان ناکرێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق لە ئێراندا، بەردەوام هۆشداری دەدەن و هیچ ڕێگا چارەیەک ناگرنە بەر.

بەپێی لێکدانەوەی کۆمەڵناسان و شارەزایانی ئەم بوارە، بێکاری، هەژاری، نەبوونی داهات لە گرینگترین هۆکارەکانی تەڵاق ئەژمار دەکرێن.