کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی دووبارەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا

12:35 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بازاڕی ئەرزی ئێران دیسان تووشی هەڵکشانی نرخی دۆلار بووەتەوە و سنووری ١٥ هەزار تمەنی تێپەڕ کردووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە نێوخۆی ئێراندا و ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نیوخۆییەکانی ڕێژیم، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا، سەرلەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، هەتا سنووری ١٤ هەزار و ٨٠٠ تمەن ڕۆیشتووە و ئەمڕۆژیش گەیشتوەوتە ١٥ هەزار تمەن.

هەروەها نرخی سکەی تەواو، ٤ میلیون و ٥٥٠ هەزار تمەن، نیو سکە ٢میلیون و ١٥٠ هەزار تمەن و چارەکە سکە ١ میلیون و ١٤٠هەزار تمەنە.

کارناسانی ئابووری بەگشتی هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کەمبایەخ بوونەوەی تمەن بە کاریگەری گەمارۆوەکانی ئامریکا دەزانن و ڕێژیمیش کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە، ناتوانێت بازاڕی ئەرز کونترۆڵ بکات و لە درێژەی ئەمساڵدا دەیان جار بازاڕی ئەرزی ئێران تووشی هەڵکشان و داکشان بووە.

بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەتی بانکی ناوەندی ئێران، بە بەردەوامی دروشمی ئەوە دەدەن، کە بازاڕی ئەرز لە کونترۆڵیانە و بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ پڕبایەخکردنی تمەن لە ئێراندا، بەڵام لە بازاڕدا دەبینرێت، نەتەنیا لە کونترۆڵیاندا نییە، بەڵکوو هیچ بەرنامەیەکیشیان بۆ چارەسەریی قەیرانی ئەرز نییە.

پاش دووپاتبوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووریی ئێران تووشی قەیران بووە و ڕێژیم گوشارەکانی خستووەتە سەر خەڵک و بە هەموو شێوەیەک خەڵکی ئێران قوربانیی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات.