کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی دەنگی بەناو نوێنەری کرماشان سەبارەت بە زۆربوونی چادرنشینی لەو شارەدا

13:55 - 9 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی نەبوونی خانوو و زۆربوونی ڕێژەی کرێنشینی و هەروەها گرانبوونی کرێ خانووەکان، بەناو نوێنەری پاریزگای کرماشان، دانی بەو قەیرانەدا، نا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "ئەحمەد سەفەری"، بەناو نوێنەری پارێزگای کرماشان لە مەجلیسی ڕێژیمدا، ڕایگەیاندووە: "بە هۆی گرانبوونی کرێی خانووبەرە و دەسکورتیی کرێچییەکان، ڕێژەی چادرنشینی لە پارێزگای کرماشاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی: "بە هۆی گرانیی خانووبەرە لەو پارێزگایەدا، خەڵک زیاتر ڕوویان لە چادرنشینی لە پارکەکاندا کردووە".

بە وتەی "ئەحمەد سەفەری"، زۆرێک لە هاووڵاتییان بە هۆی دەسکورتی نەیانتوانیوە، چادر بۆ خۆیان بکڕن و ڕوویان لە بنکەی "مانگی سوور"ی ئەو شارە کردووە و داوای چادریان کردووە بۆ شوێنی حەوانەوەیان لە پارکەکاندا.

پێشتریش، ڕۆژنامەی "باختەر"ی کرماشان، ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک لە کرێنشینەکانی ئەم پارێزگایە، بەتایبەت کرێنشینەکانی شاری قەسری شیرین، بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کرێی خانووەکانیان، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەرانبەر بینای فەرمانداریی ئەم پارێزگەیەدا.

ژمارەیەک لەم ناڕازییانە ژنانێک بوون کە سەرپەرستیی بنەماڵەکانیان لە ئەستۆیە و وتوویانە: "بە هۆی زۆربوونی تێچووەکان، توانای دابینکردنی کرێ خانوومان نییه".