کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی کرێ خانوو لە کوردستان ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە

12:30 - 13 رەشەمه 2720

شەپۆلی بەرزبوونەوەی کرێ خانوو لە شارەکانی کوردستان ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

دانیشتووانی شاری "ڕەبەت و سەردەشت" بەنیسبەت بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی کرێ خانوو و دووکان لەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە، هیچ کۆنترۆڵێک لەسەر نرخی خانووبەرە نییە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە داوایان لە خاوەن خانوو و دووکانداران کردووە لەو دۆخەی ئێستادا کە هەڵاوسان و گرانی بازاڕی تەنیوە، خۆیان لە بەرزکردنەوەی نرخی خانوو و کرێ خانوو بە دوور بگرن.

هاووڵاتییان ڕایانگەیاندووە، بەرزبوونەی کرێ خانوو لە کاتێکدایە کە زۆربەی خەڵک لە چینی هەژار و کەمداهاتن یان کەسانێکن تازە ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە.

هەر لەو پەێوەندییەشدا داوا لە مامۆستایانی ئایینی کراوە کە بەنیسبەت ئەو کێشەیە بێدەنگ نەبن.

لە لایەکی دیکەوە خەڵکی شاری "پاوە" هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سەرسووڕهێنەری خانووبەرە بۆ کڕیار و فرۆشیارانی خانووبەرە دەگەڕێننەوە.

بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری خانوو لە ئێران و کوردستان هاوکاتە لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ژیانی هاووڵاتییان.