کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی کۆچکردن و هەڵاتنی مێشکەکان لە ئێران بەهۆی داڕمانی زیاتری ئابووری

13:45 - 28 بانەمەڕ 2722

بەپێی خشتەی دۆخی مانەوە، چوونەدەرەوە و گەڕانەوەی بژاردەکانی کۆنکور و ئولەمپیادەکان، ڕێژەی چوونەدەرەوە لە ئێران و حەز بە مانەوەی ئەو کەسانە لە وڵاتانی دەرەوە، زۆر زیاتر بووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەی ئاماری وەرگیراو لە ئیدارەی پاسپۆرتی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی هەتا ساڵی ٩٩، کە ماڵپەڕی ''خەبەر ئانلاین'' بڵاوی کردووەتەوە، ٣٧.٢ لەسەد لەو کەسانەی کە لە ئولەمپیادەکانی قوتابییان خاوەن میداڵن، ٢٥.٥ لەسەد لە کەسانی بلیمەت و ١٥.٤ لەسەد لەو کەسانەی کە پلەی یەک هەتا هەزاریان لە کۆنکوری سەرتاسەری بەدەست ‌هێناوە، ئێستا لە دەرەوەی ئێران نیشتەجێن.

پەرەگرتنی 'کۆچکردنی کەسانی پسپۆڕ و خوێندەوار بابەتێکی دیکەیە کە لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێ کراوە. ٦١ لەسەد لە بەشداربووانی ئەو ڕاپرسییە لەسەر ئەو باوەڕەن کە کۆچکردنی هێزی مرۆیی پسپۆڕ لە ئێران زیاتر دەبێت.

پەرەگرتنی شەپۆلی کۆچکردنی کەسانی بلیمەت و پسپۆڕ لە هێندیک لە بوارەکاندا وەها بەرچاوە کە تەنانەت لە هێندێک لە ناوەندەکانی حکوومەتی بەرپرسانی ڕێژیم هۆشدارییان داوە و نیگەرانییان دەربڕیوە.

''علی جەعفەریان'' مامۆستای گرووپی نەشتەرگەریی دانشکەدەی پزیشکیی زانکۆی زانستی پزیشکیی تاران و ئەندامی نێونەتەوەیی پێوەندی گورچیلە ماوەیەک پێش بە کەڵکوەرگرتن لە هەشتگی ''سۆنامیی کوچکردن'' لە تویتێکدا نووسیبووی: ''بەتاڵمانەوەی زیاتر لە ٦٥٠ هەلی کاری پسپۆڕیی پزیشکی لە ئێران زەنگی مەترسیی وەدەنگ هێناوە''.

زۆرێک لە کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بابەتی کۆچکردن بۆ دەرەوە لەژێر کاریگەریی دۆخی ئابووریدایە و ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران پێیان خۆشە لەو وڵاتە کۆچ بکەن.

لەژێر دەسەڵاتداریەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەو قەیرانانەی کە ئەو ڕێژیمە بەسەر خەڵکی سەپاندووە، هیچ تروسکە هیوایەک بۆ ژیان لە ئێران نەماوە و ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەیکە بەشێک لە خەڵکی ئێران بە تایبەت کەسانی بلیمەت و پسپۆڕ لەو وڵاتە کۆچ بکەن.