کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ١٠٠%ی نرخی کتێبی دەرسی و بوونی ٢١ ملوێن کەم‌سەواد و نەخوێندەوار لە ئێراندا

15:36 - 18 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: نرخی کتێبی دەرسی لە ئێراندا دوو بەرانبەر زیادی کردووە ئەوەش لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی رێژیم بەردەوام بە هەوڵدان بۆ بنە‌بڕکردنی نەخوێندەواری لە ئێران و ئاسانکاری بۆ خوێندن لە لایەن داموودەزگاکانی رێژیمەوە شانازی دەکەن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، نرخی کتێبە دەرسییەکان لە ساڵی خوێندنی ٩٤ ــ ١٣٩٣ بە نیسبەت ساڵی رابردوو ٩ هەتا ١٧ هەزار تمەن زیادی کردووە و ئەوەش لە کاتیک دایە کە رێژیم بە وتەی کاربەدەستەکانی بۆ دابینکردنی هەلی خوێندن بۆ خەڵکی ئێران لە هەوڵی ئاسانکاری دایە.

تێچووی خوێندن لە قۆناغەکانی خوێندن لە ئێران رۆژلەگەڵ‌رۆژ روو لە زیادبوون دەکات و زۆربەی قوتابییان بەهۆی تێچوویەکانی خوێندن واز لە خوێندن دێنن.

هەزینەکانی خوێندن لە ئێران وای کردووە کە بنەماڵەکان نەتوانن منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە بنێرن و هەنووکە ٢١ ملوێن بێسەواد لە وڵاتی ئێراندا بوونی هەیە ئەوەش لە کاتێک دایە کە رێژیم هەردەم باس لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەمان و بنەبڕکردنی بێسەوادی دەکات.

لەو پێوەندییەدا پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات زیاترین پلەی نەخوێندەواریان هەیە و بەهۆی ئەوەی کە بنەماڵەکان ناتوانن هەزینەی خوێندنی منداڵەکانیان دابین بکەن بەناچاری واز لە خوێندن دێنن.

بەرپرسێکی رێژیم هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی کتێب لە ئەمساڵدا بۆ بەهای دراو و بەشی تایبەتی بەرهەمهێنان گەڕاندووەتەوە.

رێژیمی ئێران پاش سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا بەهۆی ئابووری لاواز و بەستراوە بە نەوت، بۆ دابینکردنی هەزینەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات تووشی قەیران بووه و نرخی هەموو شتومەکەکان دووقات زیادی کردووە.