کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی خاڵۆ حسەین کۆکەن لە زانکۆی کوردستان

12:39 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە هۆڵی گشتیی مەولەویی زانکۆی کوردستان لە سنە، ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی "‌خاڵۆ حسەین کۆکەن"، بەڕێوەچوو.

ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ، ئەم ڕێوڕەسمە بە بەڕێوەبەریی ئەنجومەنە خوێندکارییەکانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو؛ چەند ڕۆژ پێش لە ڕێوڕەسمەکەش، پێشانگایەک لە وێنەکانی خاڵۆ حسەین کۆکەن کرایەوە و کۆمەڵێک وێنەی ناوازەی خاڵۆ حسەین و میراتە بەجێماوەکەی لە دڵی شاخدا، خرایە بەر دیدی بەشدارانەوە.

حسەین عوسمانی، ناسراو بە خاڵۆ حسەین کۆکەن، کەسایەتییەکی کوردە کە بەھۆی ھەڵکۆڵینی یازدە ژوور لەنێو کێوی قاوگیرە بە قاچێک و قوڵینگێکەوە بۆ ماوەی نزیکەی ٢١ ساڵ، نازناوی فەرھادی دووەمی پێدراوە.

پێشتر و لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە لە خاڵۆ حسەین بڵاو ببوویەوە، ناوبراو ئاڵایەکی کوردستانی لەدەست بووە و باس لە خۆشەویستیی خۆی بۆ حیزبی دێموکرات و دوکتۆر قاسملوو دەکات.

خاڵۆ حسەین کۆکەن، ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥، لە شاری پاوە، پاش ٨٦ ساڵ ژیانی پڕ لە ڕەنج کۆچی دوایی کرد؛ ناوبراو لە لای کوردستانیان بە ئۆستوورەیەکی وەک فەرهاد شوبهێندراوە کە یاد و ناوی بۆ هەمیشە لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە.