کوردستان میدیا: شاخەوانان و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی نەغەدە، بە دروشمی "بەڵێ بۆ ئاشتی و نا بۆ چەکی کۆمەڵکوژی"، ٣٢هەمین ساڵیادی کیمیابارانی شاری سەردەشتیان بەرز ڕاگرت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ۷ی پووشپەڕ، لە شاری نەغەدەدا و لە ٣٢هەمین ساڵیادی کیمیابارانی شاری سەردەشت و شەهید و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیلی ئەو شارە بە فەرمانی ڕێژیمی ڕووخاوی "سەدام حوسێن"، کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی شاری نەغەدە بە هاوکاریی گرووپی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە، هەڵمەتێکی شاخەوانی و ژینگەپارێزییان لە بەرزاییەکانی کێوی "سوڵتان یەعقووبـ"ـی نەغەدە ڕێکخست.
شاخەوانان و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی نەغەدە، دوای پێوانی دوندی کێوی "سوڵتان یەعقووب" و لە بەرزاییەکانی ئەو کێوەدا، بە هەڵگرتنی دروشمی "بەڵێ بۆ ئاشتی و نا بۆ چەکی کۆمەڵکۆژی" و خولەکێک بێدەنگی، یادی قوربانییانی ئەو کارەساتە نامرۆڤانەیان بەرز ڕاگرت.