کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرنامەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە ماڵپەڕی ''تلوبیون'' هەک کران

10:50 - 13 رێبەندان 2721

گرووپی هەکێریی ''عەداڵەتی عەلی'' باسی لەوە کردووە کە ماڵپەڕی ''تلوبیونـ''ـی کە تایبەت بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاستەوخۆی بەرنامەکانی تێلێڤیزیونیی ڕێژیمی ئێران، هەک کردووە.

ئەو گرووپە پەیامێکی ڤیدیۆیی لەنێوان بەرنامەکان لەو ماڵپەڕە بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ڕێژیمی ئێران بە ڕێژیمێکی گەندەڵ ناو لێ دەبات و دەڵێت لە هەوڵدایە پایەکانی ئەو ڕێژیمە وەلەرزە بخات.

دە ڕۆژی کۆتایی بە ساڵوەگەڕی شۆڕشی گەلانی ئێران کە ڕێژیمی ئێران بە دەیەی "فەجر" ناودێری کردووە، گرووپی عەداڵەتی عەلی لە ڤیدیویەکدا بە دەیەی ناڕزایەتیی سەرتاسەری ناوی لێ بردووە.

دەستکاری لە بەرنامەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم حەوتووی ڕابردووش هاتە ئاراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندان ''کاناڵی یەک و کاناڵی قورئانـ''ـی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ڕێکخراوی "موجاهیدنی خەلقی ئێران" بۆ ماوەی ١٠ چرکە هەک کرا و وێنەی ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کە نیشانی باتڵەی لەسەر بووە وێڕای دروشمی "نەمان بۆ خامنەیی" بڵاو بووەوە.

گرووپی عەداڵەتی عەلی لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵیش بە هەککردنی دووربینەکانی زندانی ئێڤین چەندین ڤیدیۆی بڵاو کردبووەوە.