کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرنامەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دژی قاچاغی کاڵا و دراو شکستی خواردووە

17:06 - 4 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگرتن لە قاچاغی کاڵا و دراو، بە مەبەستی پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆیی بەرنامەیەکی تۆکمەیان داڕشت؛ بەڵام ئەو بەرنامەیی شکستی خواردووە.

''عەبدولمەجید ئیجتهادی'' بەڕێوەبەری گشتیی پێشگرتن و چاودێری بە سەر کاروباری قاچاغی کاڵا و دراو و تەعزیراتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوتوویەتی: "دۆسیەی قاچاغی کاڵا لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو ٢٨ لەسەد بەرز بووەتەوە".

بە وتەی ناوبراو، پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، هۆموزگان، ورمێ، فارس  و کرمان بە ڕیز  زۆرترین پشکیان لە قاچاغی کاڵادا هەیە.

سەرۆکی یەکیەتیی ئاژەڵداران لە پارێزگای ئیلام، گوتوویەتی: "قاچاغی مەڕ و مەڵات بۆ دەرەوەی وڵات درێژەی هەیە و ئەگەر بەرپرسان هەوڵێک نەگرنە بەر ئەو قاچاغە زیاتر دەبێت".

یه‌کێک له‌ بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گرینگه‌کانی ئابووری له‌ ئێران پرسی قاچاغی کاڵایه‌.

پرسی قاچاغ ‌و په‌ل‌وپۆ هاویشتنی ئه‌و دیارده‌یه‌ بۆ ناو ئابووریی ئێران گه‌یوه‌ته‌ جێیه‌ک که‌ "ئیسحاق جەناهگیری"، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی دەوڵەتی ناتوانێ بەگژ پرسی قاچاغ لە ئێراندا بچێتەوە.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ساڵانە ٤ تا ٧ میلیارد دولار شتومەکی قاچاغ لە ڕێگای دەروازە فەرمییەکان هاوردەی ئێران دەکرێت.

وەزیری ئابووریی ڕێژیم دانی بەوە داناوە کە هاوردەی قاچاغ لە ڕێگای دەروازە فەرمییەکانەوە نییە و دەبێ لە نێوان گەندەڵی و قاچاغ جیاوازی دابنین.

گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی ئێران بووە و ڕێژیم بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان دەست بە داوێنی قاچاغ بووە ئەوەش ئەوەندەی دیکە بارودۆخی ئابووریی لێژتر دەکات.