کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمهێنانی ماشین و کەرەستە پیشەییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت

12:37 - 8 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: هەڵسەنگاندنەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پارە نیشانی داوە کە کۆی گشتیی هەناردەکردنی نەوتی و غەیرەنەوتیی ئێران بەردەوام دادەبەزێت، بە شێوەیەک کە تا ساڵی داهاتوو نیوەی ساڵی ڕابردوو دەبێت.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پارە، کۆی گشتیی هەناردەکردنی نەوتی و غەیرەنەوتیی ڕێژیمی ئێران لە ١٠٣ میلیارد دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا، بەپێی ئەگەرەکان لە ئەمساڵدا دەگاتە ٦٠ میلیارد دۆلار و لە ساڵی داهاتوودا بۆ ٥٥ میلیارد دۆلار دادەبەزێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، نوێترین ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی پیشە، کانزا و بازەرگانی، باس لە دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی هاتوچۆ، بەتایبەت ماشینی سەواری لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دەکات.

هەروەها وەزارەتی پیشە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، باسی لەوە کردووە کە هەندێک لە بەرهەمە پیشەییەکانی دیکەش تووشی دابەزین بوونە و هەناردەکردنی غەیرەنەوتیی ئێران دابەزیوە.

دابەزینی بەرهەمهێنانی زۆربەی بەرهەمە پیشەییەکان لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەپێی قسەکانی "عەلی ڕەبیعی"، وتەبێژی ڕێژیمی ئێران، دەیهەوێت دابەزینی هەناردەکردنی نەوت بە بردنەسەرەوەی دوو بەرابەریی هەناردەکردنی غەیرەنەوتی قەرەبوو بکاتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای قەرەبوو نەبوونەوەی ئەو ئاستە لە دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی، تەنانەت هەناردەکردنی غەیرە نەوتیش دابەزیوە.