کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمهێنانی کۆمپانیای "ڕێنۆ" لە ئێراندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە

12:17 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ماوەی چوار مانگدا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای ماشینسازیی "ڕێنۆ" لە ئێراندا کە چەند مۆدێل ماشین دروست دەکات، ٨٤ لەسەد دابەزیوە.

لە درێژەی قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران و کشانەوەی کۆمپانیا دەرەکییەکان و دابەزینی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نێوخۆییەکان لە وڵاتی ئێراندا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای فەرانسەیی ماشینسازیی "ڕێنۆ" لە ئێراندا کە چەند شێوە ماشینی ڕێنۆ دروست دەکات، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، ٨٤ لەسەد دابەزیوە کە هۆکاری دابەزینی ئەم ڕێژەیەش بۆ گوشار و گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران دەگەڕێتەوە.

بەپێی ئاماری ڕەوانەکراوی ئەو کۆمپانیایە بۆ ناوەندی بوورس، لە کۆی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ڕێنۆ، بەتایبەت جۆری ماشینی "توندەر٩٠" کە خۆی لە جۆرەکانی ئاسایی، پارس، ئۆتووماتیک و ساندڕەو، پێک هاتووە، بەپێی بەراورد لەگەڵ دوو مانگی سەرەتای ساڵی هەتاویدا، گەیشتووەتە ٢٣٠١ بەرهەم و بەپێی ئەم ئامارە، ڕێژەی سەرجەم بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە و بەتایبەت جۆری "مێگان"، بە بەراورد لەگەڵ دوو مانگی سەری ساڵی هەتاویدا، بە ڕێژەی ٨٤ لەسەد دابەزیوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە دەیان و نزیک بە سەدان نوێنەرایەتیی کۆمپانیا دەرەکییەکان لە وڵاتی ئێراندا کشاونەتەوە و ڕێژەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نێوخۆییەکانی ئێران و بەتایبەت ئەو کۆمپانیانەی کە ڕێژیمی ئێران لە کۆمپانیا دەرەکییەکان کۆپی کردووە، بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە.