کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی باغدارانی کوردستان بەرهەمێکی نییه

10:22 - 29 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەرزێڕانی کوردستان لەژێر سێبەری نابەرپرسیاریەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لەناو دەچێت و هیچ لایەنێک وڵامدەری کێشەی وەرزێڕان نییه.

باغدارانی کوردستانی ڕۆژهەڵات جیا لە کێشە گەلی دیکە وەک پێڕانەگەیشتنی بنکە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە باغداران لە کاتی پێگەیشتنی میوەکانیان، لەگەڵ کێشەی فرۆشتن و نەبوونی بازاڕ بەرەوڕوو دەبنەوە.

لەو پێوەندییەدا، پارێزگای ورمێ کە لە بواری باغاتی سێو لە ئێراندا ناسراوە، بەڵام باغدارانی ئەو پارێزگایە لە وەرزی پاییزدا کە کاتی پێگەیشتن و ڕنینەوەی سێو، لەگەڵ کێشەی فرۆشتن و نەبوونی بازاڕ بەرەوڕوون.

کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەو پارێزگایە بووەتە هۆی ئەوە باغداران سێوی دەرجە یەک، بە جیگای ئەوەی که به شێوەی بەستەبەندی کراو ڕەوانەی بازاڕ بکەن، وەک هەڵڕژاو بە کارخانەکانی سرکە و کۆنسانترەی بفرۆشن.

باغدارانی ئەو پارێزگایە باس لەوە دەکەن هیچ کەس گوێ ناداتە کێشەی باغداران و هەموو ساڵێکیش بەرپرسانی ڕێژیمی دەڵێن کێشەی فرۆشتنی سێوتان نابێت، بەڵام ئەوە دروشمێک زیاتر نییە کە ساڵە و ساڵ کاربەدەستان دووپاتی دەکەنەوە.

کارناسانی ئابووری باس لەوە دەکەن بوونی باغات سێو لە پارێزگای ورمێ دەتوانێت دۆخی ئابووریی خەڵکی ئەو پارێزگایە بە ڕێژەیەکی زۆر باش بگۆڕێت؛ بەڵام نەبوونی بەرنامە و پلانی تۆکمه بۆ کڕین و فرۆشتنی سێوی باغداران تەنیا زەرەر و زیانی بۆ باغداران هەبووە.

لە ئێستادا بە ھەزاران تۆن سێوی پارێزگای ورمێ بێ كڕیار لەسەر ڕێگاکانی ئەو پارێزگایە فڕێ دراوه و هیچ لایەنێکی ڕێژیمیش وڵامدەر نییە.

وەرزێڕانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی ناکرێن و بگره زۆرجار وەرزێڕان بۆ ئەوەی کە پارەی بەرهەمەکانیان پێ بدرێت، دەست دەدەنە مانگرتن.