کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی جووتیاران هەرزانفرۆش دەکرێت

12:44 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: جووتیاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن و بەرهەمی ئەو چینەی کۆمەڵگا هەرزانفرۆش دەکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمساڵ نرخ و داهاتی بەروبوومی کشتوکاڵی بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی ڕابردوودا زۆر دابەزیوە و ئەوە له حاڵێکدایە کە خزمەتگوزاری و کەلوپەلی پێویست بۆ ئەو پیشەیە لەوپەڕی گرانیدایە.

بەرهەمەکانی کشتوکاڵی بۆ جووتیار و باغداران لە بازاڕەکاندا، بە هەرزان و تاڵان لێیان دەکڕن و بە گرانیش دەگاتە دەست بەرهەمخۆر. بۆ نموونە شوتی لە باشووری ئێران، بە نرخی دووسەد تمەن و تەنانەت کەمتریش لە جووتیار دەکڕدرێت و هەتا دەگاتە باکووری ئێران، نزیک شەشسەد تمەن کرێ ماشین هەڵدەگرێت و بە بڕی ٢ هەزار و ٥٠٠ تمەنیش دەدرێتە خەڵک.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرهەمهێنەر و بەرهەمخۆر زەرەرمەند دەبن و لەو نێوانەدا دەڵاڵەکان سوودمەند دەبن. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوه کە دەسەڵات گەندەڵە.

هاوکات ئەدەواتی کشتوکاڵ، سەم، کود و ئاو و کەلوپەلی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی بەروبووم لەوپەڕی گرانیی خۆیدایە و زۆر کات جووتیار و باغدار پارەی زەحمەتەکانی خۆی بە هۆی ناسەقامگیریی بازاڕ و نەبوونی چاوەدێریی پێویست بە دەست ناهێنێت و جووتیاران بوونەتە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران.

هەر لەم پێوەندییەدا، نرخی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو سێ هەتا چوار بەرابەر بووە. لە دەشتی شاروێران، نرخی ئاو له ساڵی ڕابردوو ٥٠٠ هەزار تمەن بووه و ئەمساڵ بووەتە ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن.

گرانیی ئاو و باقیی کەرەستەکانی پێویست بۆ ئەو پیشەیە، بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ جووتیاران و هیچ هیوایەکیان بە پیشەکەیان نەماوە.