کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی سینەماكارێكی كورد لە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە وڵاتی سویس سەركەوتنی بەدەست هێنا

14:06 - 15 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: فیلمی ئاپێ‌ ئیبرۆم توانی خەڵاتی یەكەمی فێستیڤاڵی سینەمایی وڵاتی سویس بەدەست بهێنێت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، فیلمی ئاپێ‌ ئیبرۆم لە دەرهێنەریی مانۆ خەلیل سینەماكاری كورد بەشداری لە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی كەلە شاری سۆلۆتهورنی وڵاتی سویس بەڕێوە چوو کرد و خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەست هێنا.
ئەو فیلمە باس لە ژیانی هاووڵاتییەكی كوردی توركیە بە ناوی ئیبراهیم گەزەر دەكا كە خەڵكی ناوچەی ئەلبیستانی توركیەیە و ئەكتەری ئەو فیلمە كاری هەنگداری لە كوردستان دەكا، بەڵام بە هۆی زەخت و گوشارەكانی حكوومەتی توركیە بە ناچاری ئەو شوێنە بەجێ‌ دێڵێت.
ئەكتەری سەرەكیی ئەو فیلمە دوای بەجێ‌ هێشتنی وڵات روو دەكاتە وڵاتی سویس و لە چیاكانی ئاڵپ كاری هەنگداری دەست پێدەكاتەوە.

فیلمی ئاپێ‌ ئیبرۆم بەدوو زمانی كوردی ‌و ئاڵمانی دروستكراوە و هەتا ئێستا لە كاناڵە ئاسمانییەكانی ئاڵمان، ARTE فەرانسە ‌و تەلەفیزیۆنی وڵاتی سویس پیشان دراوە.