کوردستان میدیا: بەرهەمێکی شاعێرێکی دیکەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پیشانگای کتێبی تاران پەردەی لەسەر لادرا.
یەکەمین بەرهەمی کلاسیکی "حوسین شوکربەیگی"، شاعێری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ئیلام، کە بە شاعێری غەزەڵنووس ناوبانگی دەرکردووە، بە ناوی "مسر و شوکر" (مصر و شکر)، لە پێشانگای کتێبی شاری تاران، پەردەی لەسەر لادرا.
بەرهەمی ئەو شاعێرە کوردە کە یەکەمین کتێبی کلاسیک و غەزەڵی ناوبراوە، لە ۵٤ غەزاڵ پێک هاتووە و لە لایەن دەزگای چاپەمەنی "سیب سرخ" چاپ کراوە و بە کتێبخانەی شێعر و ئەدەب زیاد کرا.
حوسین شوکربەیگی، لەسەر پەردەلادان لەسەر بەرهەمەکەی، ڕایگەیاندووە: لەم بەرهەمەمدا و لە نێوەڕۆکی ئەو غەزەڵانەمدا، هەوڵم داوە لە غەزەڵی کۆن و کلاسیک ئاوڕدانەوەیەکی ڕوون و ئاڵوگۆڕخوازانەم دابێتەوە، هەوڵی ئەوەم داوە کە لانیکەم گۆڕانکارییەک لە غەزەڵەکانمدا هەبێت و ئەوەش ببێتە تایبەتمەندی بەرهەمەکەم و غەزەڵەکانم.
ئەو شاعێرە کوردە، لە درێژەی باسەکەیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوە کە لە ژیانی شاعێری خۆیدا زۆر تامەزرۆ و خولیای غەزەڵ بووە، ڕایگەیاندووە: من خامەم بە مەبەستی نووسینی غەزەڵ بە دەستەوە گرتووە و نووسینی شێعرم بە غەزەڵنووسی دەست پێ کردووە، هەرچەندە تاکوو ئێستا جیا لەو بەرهەمە نوێیەم هەموو بەرهەمە بڵاوکراوەکانم لە چوارچێوەی قەسیدەدا بوونە.
حوسین شوکربەیگی، شاعێر، نووسەر و چیرۆکنووسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ئیلامە، کە لە کوردستان و ئێراندا شاعێرێکی ناسراو و بەناوبانگە کە لە نێو ئەدیبان و خوێنەراندا ناوبانگی بە شاعێری غەزەڵنووس دەرکردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراو لە بوارەکانی شێعر و چیرۆکدایە.